راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت سەبارەت بە وردبینی كەرتی نەوت و گازی ھەرێم بۆ چاره‌گی یه‌كه‌می 2023

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

كۆمپانیای دیلۆیت، ئاماری بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەگی یەكەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی كوردستان لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیار و 199 ملیۆن دۆلار بووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆیت، کۆی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ، 36 ملیۆن و 723 هەزار و 475 بەرمیل نەوت بووە، بڕی هەناردەكردن 32 ملیۆن و 307 هەزار و 382 بەرمیل و بڕی تەرخانکراویش بۆ پاڵاوگە 4 ملیۆن و 39 هەزار و 232 بەرمیل بووە، هەروەها بڕی فرۆشی ناوخۆ  376 هەزار و 861 بەرمیلە.

وەک لە راپۆرتەکە ئاماژەی پێدراوە، داهاتی گشتیی نەوت لە هەرێمی كوردستان دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 هەزار و 396 دۆلار بووە، لە كاتێكدا تێکڕای نرخی بەرمیلێك نەوت 67.639 دۆلار بووە، لەم رێژەیەش داهاتی نەوتی ناوخۆ 22 ملیۆن و 98 هەزار و 456 دۆلار و تێکڕای نرخی بەرمیلێكیش 58.638 دۆلار بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە خەرجیی پڕۆسەی نەوت لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵدا، ملیارێك و 253 ملیۆن و 187 هەزار و 254 دۆلار بووە و لەم رێژەیەش داهاتی ماوە بۆ حکومەت كە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان كراوە، بریتی بووە لە 946 ملیۆن و 497 هەزار و 142 دۆلار.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی راپۆرتەكانی کۆمپانیای جیهانیی دیلۆیت دەڵێت، راپۆرتەکانی ئەو کۆمپانیایە لە چوارچێوەی پڕۆسەی وردبینیی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر چوار مانگ جارێك راپۆرتی پشتڕاستکراوەی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ لەبارەی (هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت) بڵاودەكاتەوە.