نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەناوچوونی زۆنگاوەکانی عێراق دەدات
K24 – هەولێر:
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە وشکبوونی زۆنگاوەکانی عێراق و رایگەیاندووە، سییەکانی عێراق خەریکە لەناوبچن کە بەرەنگاری گەرمترین شەپۆڵی گەرما بوونەتەوە لە 40 ساڵی رابردوودا.
لەلایەن خۆیەوە، رێکخراوی فاو لە دوایین راپۆڕتیدا هۆشداری لەبارەی وشکبوونی زۆنگاوەکانی عێراق دەدات و ئاشکرای کرد، زۆنگاوەکان بەرەنگاری گەرمترین شەپۆڵی گەرما بوونەتەوە لە 40 ساڵی رابردوودا، هەروەها لە 70% زۆنگاوەکانیش بە تەواوی وشکبوونە و ئاستییان بۆ 30 سانتیمەتر دابەزیوە، ئەمەش هەڕەشەی لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە و ئاژەڵانی زۆنگاوەکان دروستکردووە.
نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی دۆخی زۆنگاوەکانی عێراق دەدات کە بە سییەکانی عێراق وەسفدەکرێت و رایگەیاندووە، زۆنگاوەکان لە لێواری وشکبووندان. رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوەیەکگرتووەکان (فاو) لە راپۆڕتێکدا ئاشکرایکردووە، زۆنگاوەکانی عێراق بەرەنگاری گەرمترین شەپۆڵی گەرما بوونەتەوە لە 40 ساڵی رابردوودا، ئاستی رووباری فوڕات دابەزینێکی لەناکاوی بەخۆوە بینیوە بەشێوەیەک ئاستی رووبارەکە بۆ 56 سانتیمەتر دابەزیوە، زۆنگاوەکانی جەبایش لەنێوان سفر بۆ 30 سانتیمەترە.
راپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی خوێ؛ شەش هەزار بەش لە ملیۆنێکی تێپهڕاندووه و مەترسی لەسەر جووتیاران و گامێش و تهنانهت ماسییەکانیش دروست کردووە، هەروەها لە 70%ـی زۆنگاوەکان بەتەواوی وشکبوونە.
بەپێی راپۆرتەکەی فاو، مەترسی هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و کەمی باران، زۆنگاوەکان بەتەواوی وشکببن، لە کاتێکدا بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق لە رووی زۆرترین زیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی ناوچەکە دێت.
بەگوێرەی رێکخراوی فاو، یەکێتی ئەوروپا و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، دەستپێشخەرییەکی حکومی بۆ باشکردنی دۆخی زۆنگاوەکان لە رێگەی قوڵکردنی رووبارەکان پێشنیاز کرا تا دۆخی زۆنگاوەکان باشتر بکات، بەڵام کەمی ئاو رێگر بوو، وشکبوونی تەواوی زۆنگاوەکان، دەبێتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانی ناوچەکە، هەروەها هاوسەنگی ژینگەیی زۆربەی ناوچەکانی عێراق تێکدەدات، جگە لە مرۆڤەکان زیان بە ماسییەکانیش دەگەینێت، هەروەها شوێنی پشوودانی هەزاران باڵندەش لەناودەبات.
رۆژی (2ـی تەمموزی 2023)، روانگەی ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکی ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر هۆشداریمان دابووە ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئاوەوە هەیە، کە هاوینی داهاتووی عێراق سەروەت و سامانی ئاو و ئاژەڵی وڵات لەناو دەبات"، ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی عێراق پرسی چارەسەرەکردنی ئاو جێدەهێڵن و دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ناکەن.
لە (6ـی ئایاری 2023)، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سێیەمین کۆنفرانسی بەغداد بۆ ئاو رایگەیاند، قەیرانی کەمی ئاو لە عێراق پێویستی بەدەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە و ئاشکرایکرد حکومەتی عێراق ویستی هەیە بەرەو پاڵاوتنی ئاوی دەریاکان هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو.
لە (21ـی ئاداری 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد و لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری عێراق رەزامەندی لایەنی تورکیای وەرگرت بۆ بەردانەوەی زیاتری ئاوی رووباری دیجلە بۆ ماوەی مانگێک.
لە مانگی حوزەیرانی رابردووش، شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەردانی تورکیایان کرد بە مەبەستی زیاتر گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی ئاو و دابەشکردنی رێژەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات لەنێوان هەردوو وڵات و سووریا.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاو لە شارۆچکەی ئەلمەجەر لە میسان بە ملیۆنان ماسی لەناوچوون، ئەمەش بەهۆی وشکبوونی ئاوی زۆنگاوەکانەوەیە".
ئاوی زۆنگاوەکانی عێراق لە رووباری دیجلە و فوڕات سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لە 2016 لەلایەن یونسکۆوە زۆنگاوەکانی عێراق خرایە لیستی کەلەپووری جیهانیەوە، پەناگەشە بۆ زیندەوەران و شوێنەوارێکی مێژوویی نێوان دیجلە و فوڕاتە.