پوتن ئاماژە بە هەڵپەساردنی بەشدارییکردنی وڵاتەکەی لە رێکەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە ده‌كات

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا

K24 – هەولێر:

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن ئاماژە بە ئەگەری هەڵپەساردنی بەشدارییکردنی وڵاتەکەی لە رێکەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریا رەشه‌وه‌، دەکات.

ڤلادیمیر پوتن لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی رووسیا24 رایگەیاند، هەندێک کات لەبەردەستە بۆ بیرکردنەوە لەوەی پێویستە چی بکەین، بەتایبەتی کە نزیكین له‌ کۆتاییهاتنی وادەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە بەندەرکانی ئۆکرانیاوه‌".

پوتن راشیگەیاند، وڵاتەکەی بیر لە درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە "هیچ داواکارییەکی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە جێبەجێنەکراوە" و رەوشەکەی بە یارییەکی یەکلایەنە وەسفکرد.

سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی کاتێک رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە درێژ دەکاتەوە، ئەگەر بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن.

لە (22ی تەمموز/ یۆلیۆی 2022) بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ رێککەوتننامەیەکی گشتگیری گواستنەوەی دانەویڵە واژووکرا و بەو شێوەیەش پرۆسەی گواستنەوە دەستیپێکرد.

ئێستا پڕۆسەکە لە دیوی ئۆکرانیا لە سێ بەندەر بەردەوامە کە ئەوانیش بەندەرەکانی یۆژنی، ئۆدێسا و چێرنۆمۆرسک ـە.

بەو پێیەش یەکەم کەشتی لە بەندەری ئۆدێساـی ئۆکرانیا  (1ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) دەستیپێکرد و تا رۆژی (25ـی کانوونی یەکەم/ دیسه‌مبه‌ری 2022) لەڕێگەی 585 کەشتییەوە 15 ملیۆن تەن دانەوێڵە گواستراوەتەوە بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

هاوکات گواستنەوەکە لەسەدا 44ـی بۆ ئەورووپا، لەسەدا 29ـی بۆ ئاسیا، لەسەدا 15ـی بۆ تورکیا و لەسەدا 12ـی بۆ ئەفریقا بووە.

دانەوێڵەکان لە 13 جۆر پێکهاتوون کە بریتین لە؛ جۆ، گەنم، سۆیا، گوڵەبەرۆژە، کەپەگی گەنم، بەزالیا، توێکڵی گوڵەبەرۆژە، خۆراکی تێکەڵەی بەکارهاتوو، شەکری چەوەندەر، زه‌یتی گوڵەبەڕۆژە، توێکڵی کانۆلا، گەنمەشامی و رۆنی سۆیا.

لە پرۆسەی گواستنەوەی دانەوێڵەدا ئیسپانیا زۆرترین بڕی بۆ گواستراوەتەوە کە 2.9 ملیۆن تەنە. هاوکات تورکیا و چین لە پلەی دووەم دێن کە هەر یەکێکیان 2.2 ملیۆن تەن دانەوێڵەیان بۆ گواستراوەتەوە.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.