له‌ دارفۆر گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرایه‌وه‌

K24 – هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویكرده‌وه‌، زانیاری بڕواپێکراویان لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە رۆژئاوای دارفۆر لە رۆژئاوای سوودان هه‌یه‌، کە تەرمی 87 کەسی تیادایە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، بەپێی ئەو زانیارییە متمانەپێکراوانەی بە دەست ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوون، خەڵکی ناوچەکە لە نزیک شاری جونەینە سەربە ویلایەتی رۆژئاوای دارفۆر تووشی زەحمەتی بوونەتەوە لە بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو 87 كه‌سه‌.

ئەو 87 کەسە لە 13-21ی حوزەیران لە شاری جونەینە لەلایەن HDKەوە کوژراون.

ئاماژە بەوە دراوە تەرمی 37 کوژراو لە 20ـی حوزەیران و تەرمی 50 کوژراوەکەی دیکەیش لە 21ـی حوزەیران لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژراون کە قوڵییەکەی نزیکەی یەک مەترە و لەنێویاندا حەوت ژن و حەوت منداڵ هەن.

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک داوای لە لایەنە شەڕکەرەکانی سوودان کرد بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەبێ جیاکاری رێگە بدەن بە دەرهێنانەوەی تەرمەکان و گوتی: "سەرکۆنەی کوشتنی مەدەنییەکان دەکەین. پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، بەرفراوان و سەربەخۆ لە رووداوەکە بکرێت و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

لە 15ی نیسانی 2023، شەڕی نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەگڵۆ، سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لەهەزار کەس و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش لە ناوخۆ ئاوارەبوون، هەروەها زیاتر لە 300 هەزار کەسیش بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون .

بەگوێرەی داتاکانی ACLED ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە گەیشتووەتە هەزار و 800 کەس، کە زۆربەیان لە پایتەخت و لە شاری ئێل جنێنای پایتەختی دارفۆری رۆژئاوا کوژراون.