نوێترین دەنگۆی یاریزان و یانەکانی کوردستان؛ هەولێر پێنج یاریزانی پیشەگەر دەگوازێتەوە

نوێترین دەنگۆیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان
نوێترین دەنگۆیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان

خولی نایابی عێراق لە کۆتایی نزیکبووەتەوە و لە ئێستاوە دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی یاریزانە کوردەکان و یانەکانی کوردستان بڵاو دەبنەوە بۆ ئەوەی لەم هاوینە گرێبەستی نوێ واژۆ بکرێن، بەشێک لە یاریزانە کوردەکان لە دەرەوەی عێراق ئۆفەریان پێگەیشتووە و بەشێکیشیان لە یانەکانی خواروو و ناوەڕاست ئۆفەریان بۆ هاتووە.

- بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24، یانەی هەولێر لەسەر داوای عەباس عوبێد راهێنەری یانەکە بڕیاریداوە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق پێنج یاریزانی پیشەگەری نوێ بگوازێتەوە ریزەکانی، جگە لە هێلیۆ مۆنتێرۆ یانەکە سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەم وەرزەی بەڕێ دەکات، تەنانەت ئەگەر بەرگریکاری باشتری دەستبکەوێت عەباس عوبێد دەستبەرداری هێلیۆ مۆنتێرۆش دەبێت، راهێنەرەکەی هەولێر بڕیاریداوە یاریزان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق زۆر نەگوازێتەوە و زیاتر گرنگی بە یاریزانی کورد دەدات.

- رێوان ئەمین ناوەڕاستکاری کوردی یانەی دهۆک لەبارەی داهاتووی خۆی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: چەند یانەیەکی بەغدا لەسەر هێلن بەڵام مانەوەم لە یانەی دهۆک لە پێشینەیە بۆ من. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەکانی تەڵەبە و قوە جەوییە و چەند یانەیەکی دیکەی عێراقی ئۆفەریان پێشکەشی رێوان کردووە، یانەیەکی خولی پلە یەکەی سعوودیش ئۆفەری پێشکەشی یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق کردووە.

- بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رێوان ئەمین زیاتر لە مانەوەی لە یانەی دهۆک نزیکترە، کە عەبدوڵڵا جەلال سەرۆکی یانەی دهۆک لەبارەی جموجۆڵەکانیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بە کوردستان24ـی راگەیاند: چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەی یانەکەمانین لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ یاریزانان دەست بە گفتوگۆ بکەین و کاری لەپێشینەشمان مانەوەی ئەستێرەکانی یانەکەمان دەبێت.

- یانەی شوڕتە کە تەنیا هەنگاوێک لە پارێزگاریکردن لە نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراق دوورە، دەیەوێت ئەم هاوینە رەوا یوسف ناوەڕاستکاری کوردی یانەی هەولێر بباتە ریزەکانی.

- فەرحان شکور هێرشبەری کوردی یانەی زاخۆ دوو ئۆفەری لەلایەن دوو یانەی سعوودییەوە پێگەیشتووە، یانەکانی سەقەر و وەشمی سعوودی دەیانەوێت هێرشبەرەکەی زاخۆ ببەنە ریزەکانیان، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 فەرحان شکور لە مانەوەی لە زاخۆ نزیکترە، بەڵام یانەی زاخۆ بۆ وەرزی داهاتوو نیوەی یاریزانانی تیپەکەی دەگۆڕێت و لە ئێستاوە لەگەڵ چوار یاریزانی پیشەگەر دەستی بە گفتوگۆ کردووە کە یاریزانەکان ئەفریقی و بەڕزایلین.

بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکەی کوردستان24، یانەی زاخۆ لەگەڵ دوو یاریزانی تاراوگەنشین لەگفتوگۆدایە کە یەکێکیان کوردە و یەکێکیان عەرەبە، لەگەڵ چوار یاریزانی عێراقی و سێ یاریزانی کوردستانیش دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

- بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی قوە جەوییە ئۆفەرێکی بە بڕی 75 ملیۆن دینار پێشکەشی ژیار گۆڤەند یاریزانی کوردی یانەی دهۆک کردووە بۆ ئەوەی بیباتە ریزەکانی، جگە لە قوە جەوییە یانەکانی تەڵەبە و کارەباش چاویان لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە کوردەیە، بەڵام دهۆک دەیەوێت پارێزگاری لەو یاریزانەی بکات و دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.