لە شەش مانگی رابردوودا لە ئەمه‌ریکا لە 28 پەلاماردا 140 کەس کوژراون

K24 – هه‌ولێر:

لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا لە ئەمه‌ریکا 28 پەلاماری جیاواز ئەنجامدراوە کە بەهۆیەوە 140 کەس گیانی لەدەستداوە.

بەپێی داتاکانی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ئاژانسەکانی ئەسۆوشیەیتید پرێس (AP) و یو ئێس ئەی تودەی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی نۆرس ئیستەرن ئەنجامدراوە، لە 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا 30ـی حوزەیران، 28 پەلامار لە ئەمه‌ریکا ئەنجامدراوە کە جگە لە یەكێکیان هەموویان پەلاماری چەکداری بوون.

شارەزایان پێیانوایە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی پەلامارەکان لە ئەمه‌ریکا، بۆ زیادبوونی هەڵگرتنی چەک لەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

سەرۆکی ئەمه‌ریکا، جۆ بایدن دوای ئەو پەلامارە چەکدارییەی کرایە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ویلایەتی تێنسی کە بەهۆیەوە شەش کەس کوژران، رۆژی 27ی ئادار لە لێدوانێکیدا داوا یکرد چاکسازی لە رێساکانی ‌هەڵگرتنی چەکدا بکرێت.

چاکسازییەکە داوای قەدەغەکردنی چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی و پشکنینی تۆماری کڕیاران دەکات لە فرۆشتنی چەکدا.