شازدەهەمین کۆنفرانسی IAGS لە زانکۆی بەرشەلۆنەی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا کۆتاییهات

K24 - هەولێر:

شازدەهەمین کۆنفرانسی رێکخراوی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS لە زانکۆی بەرشەلۆنەی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا کۆتایی بە کارەکانی هێنا و میلانیا ئۆبراین بەسەرۆک هەڵبژێردرا و هاوکات جێگران و سکرتێر و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی راگەیەندران.

ئەمرۆ  هەینی (14ـی تەمموزی 2023) لە راگەیاندراوێکدا، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، پاش پێنج رۆژ لە دیبەیت و پێشکەشکردنی دەیان لێکۆڵینەوەی نوێی بواری جینۆسایدی گەلان لەلایەن توێژەران و لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی ئەندام لە IAGS ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی شاندی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حاجی محمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆتایی بەکارەکانی هات.

لە راگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بە سەرۆک و ستافی نوێی یەکێتییەکە، هاوکات سیمبوڵی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردی پێشکەش بە سەرۆک و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی یەکێتی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید IAGS کرد.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، روونیکردەوە، لە میانەی پێنج رۆژی کۆنگرەکەدا سەرۆک و ئەندامانی KG لۆبی سەنتەر ئامادەیی بەرچاویان هەبوو لە سەرجەم دیدارەکان بۆ روونکردنەوەی مەرگەساتەکانی کوردستان و قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەردەستی رژێمەکانی پێشووی عێراق و لۆبیکردن بۆ پشتیوانی و  پشتگیری بۆ پرسی جێنۆسایدی گەلی کورد بۆ ناساندنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەماوەی رابردوودا دوای ناردنی تیمی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری دامەزراوەی KG لۆبی سەنتەر، توانرا پڕۆژەی بڕیارنامەیەک دەربارەی  جینۆسایدی گەلی کورد لەلایەن ئاورنگ شاوەیس ئامادەبکرێت بۆ بڕیاردان لەلایەن یەکێتیەکەوە.

س
ە