رێبوار هادی: پێویستە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەماوەی کابینەی سوودانیدا ئاراستەی پەرلەمان بکرێت

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی کارنەمەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزەیرانی عێراق، پێویستە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و لێبووردنی گشتی ئاراستەی پەرلەمان بکرێن و دواتر بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێن.  

ئەمڕۆ شەممە 15ـی تەممووزی 2023، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق خشته‌ی دانیشتنه‌كانی ئەمڕۆ و رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتووی بڵاوكردەوە. لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژەیاسا دەکرێت. ئەو پڕۆژەیاسایانەی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا جێگەی مشتومڕ و ناکۆکین، پڕۆژەیاساکانی نه‌وت و گاز، لێبووردنی گشتی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی و یاسای ده‌زگای هه‌واڵگری و دژه‌تیرۆرن.

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا مشتومڕ و ناکۆکی لەسەرە؛ رایگەیاند، پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، یەكێکە لەو بابەتانەی لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەری رێککەوتوون و لەو رێککەوتنە سیاسییەدا هاتووە کە کابینەی سوودانی لەسەری پێکهێندراوە، "بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆژەیاسایەکەی پێشکەشی پەرلەمان نەکردووە و لایەنی سووننی زیاتر جەخت لە پەسەندکردنی دەکەنەوە".

سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا دیار نییە خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی چییە و "لە ڕووی مەبدەئییەوە رێککەوتنی لەسەر نەکراوە"، چونکە هەرچەندە پێشتر رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی پڕۆژەیاساکە بچێتە پەرلەمان، بەڵام لەسەر وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکە رێکنەکەوتبوون.

لایەنی سووننی، وەکو ئەوەی رێبوار هادی باسی کرد، داوا دەکات "پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بە شێوەیەک بێت، دووبارەکردنەوەی لێکۆڵینەوەی تێیدا هەبێت، لەو کەسانەی کە ئێستا لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە حوکم دراون".

یەکێک لەو بابەتانەی ماوەی چەندین ساڵە ناکۆکی خستووەتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازە. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لەو رێککەوتنە سیاسەدا هاتووە، کە پێکهێنەرانی حکومەتی ئێستای عێراق لەسەری رێککەوتوون.

بەگوتەی رێبوار هادی، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لە نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی نووسینی پڕۆژەیاساکە کراوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێنەگەیشتووە.

بەگوتەی رێبوار هادی، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەیانەوێت بەگوێرەی ماددەی 112ـی دەستووری عێراق، پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسەندبکرێت و دەشڵێت، بەگوێرەی کارنامەی کابینەی سوودانی، دەبێت پڕۆژەیاساکە لەم کابینەیەدا رەوانەی پەرلەمان بکرێت و پەسەندبکرێت.