شەڕی ناوخۆی سوودان پێدەنێتە چوارەم مانگییەوە

K24 - هەولێر:

پێکدادانەکان لە 15ـی نیساندا لە خەرتوومی پایتەختی سوودان دەستیانپێکرد و بەرەو شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئەو وڵاتە په‌ره‌ی سەند، بەمهۆیەشەوە هەزاران کەس کوژران و زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

سوودان کە لەڕووی رووبەرەوە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە و خاوەنی سامانێکی زۆری سرووشتییە، ماوەی چوار مانگە بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دۆخێکی ناهەمواردایە و پێناچێت بەزوویی ئەم پێکدادانانە کۆتاییان بێت.

پێکدادانەکان لە 15ـی نیسانی ئه‌مساڵ لە خەرتوومی پایتەختی سوودان دەستیانپێکرد و بەرەو شارەکانی باشوور و رۆژئاوای ئەو وڵاتە په‌ره‌یان سەند، بەمهۆیەشەوە هەزاران کەس کوژران و زیادتر لە سێ ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

سوپای سوودان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە دەستپێکردنی پێکدادانەکان تۆمەتبار دەکات و رووداوەکان وەک یاخیبوون وەسف دەکات، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن کە سوپا لەژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی رژێمی پێشوو دایە و پێکدادانەکان وەک خەباتی خۆیان لەپێناو دیموکراسی و ئازادی ناودەبەن.

هەردوولاش خۆیان بە راست دەزانن و لەبەر ئەوەی متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لایەنی بەرامبەر ببەزێنن. بەهۆی شەرعیەتدان بە چالاکیی لایەنەکان، نەبوونی هەڕەشەی سەپاندنی سزا و فشاری نێودەوڵەتیی، رێککەوتنەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوام پێشێل دەکرێن.

دەربارەی ئایندەی شەڕی ناوخۆی سوودان شەش سیناریۆی جیاواز باس دەکرێن. سیناریۆی یەکەم باس لەوە دەکات کە ئەگەر پێکدادانەکان بەردەوام بن ئەوا شەڕی ناوخۆ شارە جیاوازەکانی سوودان دەگرێتەوە و مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی رووخانی دەوڵەت.

سیناریۆی دووەمیش باس لەوە دەکات کە ئەگەر سوپای سوودان بە تەواوی خەرتووم کۆنتڕۆڵ بکات، ئەگەر زۆرە پێکدادانەکان بگوازرێنەوە بۆ ویلایەتی دارفوور کە دەکەوێتە سەر سنووری چاد و بە ناوەندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا ناودەبرێت.

بەپێچەوانەی ئەم سیناریۆیەشەوە ئەگەر لە بری سوپا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا خەرتووم کۆنترۆڵ بکەن ئەوە پێکدادانەکان روو دەکەنە شارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوودان.

چاودێران پێیانوایە کە ئەگەر خەرتووم بکەوێتە دەست هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەوا سوپای سوودان لە 18 ویلایەتی ئەو وڵاتە تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەم دەمێنێت، یان خۆی بدات بەدەست هێزەکانی پشتیوانی خێراوە، یان شەڕێکی زۆر فراوانتر لە ویلایەتەکانی دیکە روودەدات.

- سیناریۆی پارچەپارچەبوونی سوودان

دوای پێکدادانی چەندین ساڵەی حکومەتی ناوەندی و جوداخوازانی باشووری سوودان، دواجار لە ساڵی 2011دا "باشووری سوودان" سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا، لە ئێستاشدا سیناریۆی ئەوە لە ئارادایە لەتبوونێکی دیکە لە رۆژئاوای سوودان رووبدات. ئەگەر هەیە لایەنە جووداخوازەکانیش کە چەندین ساڵە خەباتی چەکداری دەکەن، دابەشبوون وەک چارەسەرێک ببینن.

- ئەگەری ملکەچکردنی لایەنەکان لەڕێی فشاری نێودەوڵەتییەوە

ناچارکردنی لایەنەکان بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ لەڕێی فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەفریقا، وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێی سوودان و هەڕەشەی سەپاندنی سزا، یەکێکی دیکەیە لە سیناریۆکان.

کۆتا سیناریۆش تەقینەوەی رق و توڕەیی گەلی سوودانە کە چەندین ساڵە بەدەست قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وەک یەکێک لە رێگاکانی فشار بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی هەردوولا دەبینرێت.

سه‌رچاوه‌: میدیا جیهانییه‌كان