بانکی ناوەندیی عێراق: قەبارەی قەرزی ناوخۆیی گەیشتووەتە 70 تریلیۆن دینار

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 – هەولێر:

بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکرد، قەبارەی قەرزی ناوخۆیی گەیشتووەتە 70 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا قەبارەی یەدەگی نەختینەی دراوی بیانی لە بانکەکە گەیشتووەتە 113 ملیار دۆلار.

رۆژی شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دەرفەتی ئابووری زۆر لەبەردەم دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق و کەرتی تایبەت و بانکی ناوەندیدا هەیە بۆ گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە.

ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئابووری عێراق لە بەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، کە بڕی کورتهێنان تێیدا دەگاتە 64 تریلیۆن دینار، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوەی قەبارەی قەرزی ناوخۆیی بۆ 70 تریلیۆن دینار ئاڵنگارییەکی دیکەیە لە بەردەم سیاسەتی دارایی و نەختینەیی کە فشاری زۆر دروستدەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزە.

عەمار خەلەف جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتی داراییدا کراوە بە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری لەلایەن حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندییەوە، پێشکەوتنێکی بەرچاو لەسەر ئاستی عێراق بۆ لە بواری بانکی و پرۆسەی پێدانی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی.

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکردووە، کارتی بانکی لە شەش ملیۆنەوە بۆ 16 ملیۆن زیادیکردووە، ئامێرەکانی پێدانی پارە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە 918 بۆ 10 هەزار ئامێر زیادیکردووە، ئامێرەکانی راکێشانی پارەی ئەلیکترۆنی (ATM) لە 656 ئامێرەوە بۆ دوو هەزار ئامێر بەرزبووەتەوە، کە ئەو ژمارانەش بەردەوام لە زیادبووندان لەسەر ئاستی ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەگشتی.

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیش لە سیاسەتی دراودا، عەمار خەلەف روونیکردووەتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق نەرمییەکی تەواوی لە گرتنەبەری سیاسەتی دراوی گونجاودا هەیە و ئەمساڵ کاری لەسەر کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئامرازە جیاوازەکانی سیاسەتی دراودا کردووە، لەوانەش ڕێژەی سیاسەتەکەی لە 4%ـەوە بۆ 7.5% بەرزکردووەتەوە، هەروەها رێژەی سوودی بانکی لەسەر ئامرازەکانی بانکی ناوەندی لە 3-4%ـەوە بۆ 7.5% بەرزکردووەتەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی رێژەی یەدەگی یاسایی بۆ 18%.

دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە (26ـی حوزەیرانی 2023)، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.

ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.

هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.