کەمال کڵچدارئۆغڵو: جەهەپە پێویستی بە نوێبوونەوەیە نەک گۆڕانکاری

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)

K24 – هەولێر:

سەرۆکی جەهەپە لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکان و ویستی گۆڕانکاری لەناو پارتەکەیدا رایگەیاند، جەهەپە پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە نەوەک گۆڕانکاری.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە لێدوانێکدا وەڵامی داواکارییەکانی تایبەت بە گۆڕانکاری لەناو پارتەکەیدا رایگەیاند، جەهەپە خاوەن ئامانج و هێلێکی تایبەتە، چۆن دەکرێت ئەمە بگۆڕدرێت بەڵام پێویستمان بە نوێبوونەوەیە.

سەرۆکی جەهەپە وەکو ئاماژەیەک بۆ مانەوەی لە کورسی سەرۆکایەتی پارتەکە رایگەیاند، ئامادەکارییەکی باشیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کردووە و پێشبینی دەکەن ئەنجامی زۆرباش بەدەستبهێنن.

لێدوانەکانی کڵچدارئۆغڵو لەکاتێکدایە، جوڵانەوەیەک لەناو پارتەکە بە سەرکردایەتی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەستیپێکردووە و داوا دەکرێت کڵچدارئۆغڵو دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردوو، جەهەپە تووشی شکستێکی مێژوویی بوو لەسەر ئاستی پەرلەمانی تورکیا ئەویش بەهۆی هاوپەیمانی میللـەتەوە ژمارەیەک کورسی پەرلەمانی لەلایەن پارتەکانی ئاییندە، سەعادەت و دەڤاوە بران و ئەو هاوپەیمانییەتەش هەڵوەشایەوە، ئەمەش بووە هۆی زیاتر بچووک بوونەوەی ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا.

رۆژی (6ـی تەمموزی 2023)، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ تەمەل کەرەموڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی فراکسیۆنێکی هاوبەش بەناوی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت و سەرۆکی فراکسیۆنەکەش سەر بە پارتی ئاییندە دەبێت.

رۆژی (24ـی حوزەیرانی 2023)، لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا، مەرال ئاکشەنەر لەمیانی کۆنگرەی گشتی ئیی پارتیدا کە جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە رایگەیاند، "هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریمان دۆڕاند و چەندین هۆکاری جیاواز هەن، تۆمەتی ئەوەمان پێدەبەخشنەوە کە ئیی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەکو پێویست کاری نەکردووە. زۆر باشە لەمە بەدواوە هیوای سەرکەوتنتان لە ژیان بۆ دەخوازم."

واشبڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی ئاداری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هەرچەندە هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆکایەتی پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتەکانی مەهەپە، یەنیدان رەفا، هوداپار و یەکگرتووی گەورەش لەخۆدەگرێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش پارێزگاری لە هاوپەیمانییەتەکەی خۆیان دەکەن، لە بەرامبەردا، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا دەتوانن لە بەرەیەکدا کۆببنەوە یاخود هەماهەنگی بکەن بۆ پارێزگاریکردن لە کوردسی سەرۆک شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و بەدەستهێنانی زۆرینە لە شارەوانییەکانی دیکە.

لە (21ـی حوزەیرانی 2023)، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا رایگەیاند،  ناکرێت بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بێئومێد بن گوتی، "ناکرێت بێئومێدی دامانبگرێت و مافی ئەوەشمان نییە. دەرهێنانی تورکیا لە ناخۆشییەکان، ئەرکی ئێمەیە و مێژوو ئەو بەرپرسیارییەتەی خستووەتە سەر شانمان، زۆر بەڕوونی دەمەوێت ئەوە بڵێم، لەپێناو گەشانەوەی تورکیا نەک شەش لایەن، بەڵکو ئامادەم تەنانەت مێزی شازدە لایەنیش پێکبێنم".

دوای قسەکانی کڵچدارئۆغڵو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی رایگەیاند، "کڵچدارئۆغڵو دەڵێت ئەگەر پێویست بێت مێزێکی 16 لایەنی پێکدێنێت. ئەم ژمارەیە بەس نییە، پێویستە ژمارەکە زیاد بکەیت. زیادکردنی هاوبەشەکانی مێز هیچ ئەنجامێکی نابێت چونکە گەلەکەمان پێویستی بە ئیرادە و خزمەتە. سەرۆکی جەهەپە نەک 16، تەنانەت مێزی 160 لایەنیش پێکبێنێت، ناتوانێت لە سندوقەکاندا لە زلـلـەی گەلەکەمان رزگاری بێت".

رۆژی (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84.15%.

لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن،  27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

هەروەها بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.