غالب ده‌عمی: دەکرێت گۆڕانکاری لە بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجە بکرێت

غالب ده‌عمی، پسپۆڕی یاسایی
غالب ده‌عمی، پسپۆڕی یاسایی

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی یاسایی رایدەگەیەنێت، خوازیاربوون سزا هەبێت بۆ ئەوانەی کە دەستوور پێشێل دەکەن و پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک مافی نییە ماددەکانی ناو یاسای بودجە زیاد بکات تەنیا مافی هەیە هەڵیوەشێننەوە، گوتیشی: ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق روویدا گۆڕانکاری لە ماددەکانی یاسای بودجە پێشێلکردنی دەستووری عێراق بوو.

غالب ده‌عمی، پسپۆڕی یاسایی، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، دادگای فیدراڵی مافی هەیە کە تانە لە یاسای بودجە بدات، پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە دەستووری عێراقی مافیان نەبوو ماددە زیاد بکەن لە یاسای بودجەدا، تەنیا دەیانتوانی ئەو ماددانەی کە لەسەری ناکۆکن هەڵیوەشێننەوە، بەڵام ئێستا زیادکردنی ماددەکانی یاسای بودجە بووەتە رۆتین لەناو پەرلەمانی عێراق، لە سەردەمی کابینەی پێشوش هەمان کاریان ئەنجامدابوو.

هەروەها راشیگەیاند، پەرلەمانتاران دەیانەوێت گۆڕانکاری لە یاسای بودجەدا بکەن کە ئەمەش دژی یاساکانە، بەڵام دادگای فیدراڵی هەیە و ئامادەیی هەیە لەو کارە، لەوانەیە تانە لە هەندێک ماددەی دیکە بدرێت لە یاسای بودجەدا.

ئەو پسپۆڕە یاساییە، دەشڵێت: پەرلەمانی عێراق خۆی دەستوور پیشێل دەکات، دەنگ لەسەر هەندێک ماددە دەدات کە پاشکۆیەکی مەزهەبی و ناوچەی و شارچیەتی تێدایە.

غالب ده‌عمی، ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاردەدات دەکرێت  گۆڕانکاری لە بەشێک لە ماددەکانی یاسای بودجە بکرێت و هاوکات دادگای فیدڕاڵی پێداچوونەوە بەو تانانە دەکات کە لە ماددەکانی یاسای بودجە دراون.

لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بوددجە، ئەو پسپۆڕە یاساییە، گوتی: "وەزارەتی دارایی رێنمایی دەرکردووە بە خەرجکردنی یاسیا بودجە و نووسراوی کردووە بۆ هەموو وەزارەتەکانیش، ئەو یاسایە لە ئێستادا چووەتە بواری جێبەجێکردن".

ئەمڕۆ شەممە (15ـی تەمموزی 2023)، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان تانە لە ماددەکانی 2، 11، 12، 13ی بودجەی گشتی عێراق داوە.

روونیکردەوە: "ئەو بڕگانەی بودجە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای لە دژ تۆمارکردون، پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو بڕگانە پێچەوانەی دەستووری عێراقن".

خەلیل غازی، ئاشکرای کرد، لە 12ی تەممووزی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای دژی ئەو بڕگە و ماددانەی بودجە تۆمارکردووە.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: "هەر کاتێک رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بودجە دەرکران، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێن تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، ئەگەر هەر بڕگه و ماددەیەک هەڵە بوو یان لا دەدرێت یان راستی دەکرێتەوە".

گوتیشی: "تانەدان لە بودجەی عێراق رێگری لە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات".

هەروەها 3ـی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دادگای باڵای فیدراڵی تانەی لەسەر ژمارەیەک ماددەی بودجەی گشتی عێراقدا، بەهۆی ئەوەی لەلایەن لیژنەی داراییەوە گۆڕانکارییان تێداکراوە و لەگەڵ بەرنامەی حکومەت یەکناگرنەوە