سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ لە دوبەی زیاددەکرێت

شەقامێکی سەرەکی لە میرنشینی دوبەی
شەقامێکی سەرەکی لە میرنشینی دوبەی

K24 – هەولێر:

پۆلیسی دوبەی سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆی بڵاوکردووەتەوە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتووچۆ، سزاکان زیادکراون.

بەگوێرەی یاسا نوێیەکانی میرنشینی دوبەی، سزای سەرپێچی هاتووچۆ بۆ هەر شۆفێرێک کە لە ترافیکەکان نەوەستێت و لە گڵۆپی سوور بدات، بە بڕی 50 هەزار درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە 13 هەزار و 600 دۆلار سزا دەدرێت.

هەروەها ئەنجامدانی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل لە شەقامە سەرەکییەکان بە بڕی 100 هەزار درهەم کە دەکاتە 27 هەزار 220 دۆلار سزای پێبژاردن دانراوە.

رۆیشتن لەسەر ئەو رێگایانەی کە لەبری قیر بە بەرد رووپۆشکراون و هاتووچۆی ماتۆرسکیل لێیاندا قەدەغەکراوە، بڕی 50 هەزار درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە 13 هەزار و 600 دۆلار سزای پێبژاردن دانراوە.

هاوکات هەر شۆفێرێک گۆڕانکاری لە پارچە و سیستمی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلەکەیدا بکات بە مەبەستی خێراکردن و بەرزکردنەوەی دەنگ، ئەوا بە بڕی 10 هەزار درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە دوو هەزار و 700 دۆلار سزا دەدرێت.

لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ لە میرنشینی دوبەی هاتووە، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەی مەترسیدار و ناڕێک کە ببێتە هۆی بێزارکردن و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، بە 50 هەزار درهەم کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار، شۆفێرەکە سزا دەدرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، سزای هەر یەکە لە سەرپێچییەکانی، راکردن لە پۆلیسی هاتووچۆ، لێخووڕینی ئۆتۆمبێل بەبێ تابلۆی ژمارە، نمایشکردنی ئۆتۆمبێل بەبێ مۆڵەت وەرگرتن و جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرووی رێژەی رێگەپێدراو، بریتییە لە 10 هەزار درهەمی ئیماراتی کە دەکاتە دوو هەزار و 700 دۆلار.

بەگوێرەی یاسای نوێی سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ کە ئێستا لە میرنشینی دوبەی لە ئیمارات چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چەندین سزای دیکە دانراوە و ئەمەش دەنگۆی زۆری لە راگەیاندن و سۆشیال میدیاکانی ئەو وڵاتە بەدوای خۆیدا هێناوە و چاوەڕێش دەکرێت لە داهاتوودا، ئەو سزایانە لە میرنشینەکانی دیکەی ئیمارات جێبەجێ بکرێت.

0
0
0