هاووڵاتییانی بەغدا هەڕەشەی بەشدارینەکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن

K24 – بەغدا:

بڕیارە لەکانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرێوەبچێت، نزیکەی 27 ملیۆن کەس مافی بەشداری کردنیان هەیە، خانەنشینێک دەڵێت، بەشداریی هەڵبژاردن ناکەم چونکە هیچ لەژیانم ناگۆرێت. شاره‌زایه‌كی سیاسیش هۆكاری بێ متمانه‌یی هاووڵاتیان بۆ به‌ڵینی كاندیده‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

سەعید ئەحمەد، هاووڵاتیەکی دانیشتووی شاری بەغدا، تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند، "بەشداری لەهەڵبژاردن ناکەم چونکە هیچ لەژیانم ناگۆرێت، لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو بەدەیان بەڵێنیان پێداین،کەچی هیچی جێبەجێ نەکرا، ئەگەر بڕۆمە دەنگدان چی لەژیان و گوزەرانم دەگۆرێت، چل ساڵ خزمەتم هەیە پارچە زەوییەکیان پێنەدام و تاوەکو ئێستا كرێچیم".

لەلایەن خۆیەوە، جەلیل لامی شارەزای سیاسی، بۆ کوردستان24، گوتی: "پێشبینی دەکەم کە رێژەیەکی زۆر کەم بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بكه‌ن، هۆکارەکەشی بۆ ئەو بەڵێنانە دەگەرێتەوە کە پێشتر دراوون و جێبه‌جێ نه‌كراوون،  بۆیە هاووڵاتییانیش بێ ئومێد بوون لەحکومەت".

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 15 پارێزگاکەی عێراق 27 ملیۆن هاووڵاتی مافی دەنگدانی هەیە کە تەنیا 13 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەترییان هەیە.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.