نرخی سووتەمەنی لە تورکیا جارێکی دیکە بەرزبووەوە

نرخی لیترێک بەنزین لە تورکیا گەیشتە دۆلارێک و 50 سەنت
سوتەمەنی
سوتەمەنی

K24 - هەولێر

نرخی سووتەمەنییەکان لە تورکیا دووبارە بەرزبووەوە و نرخی یەک لیتر بەنزین گەیشتە یەک دۆلار و 50 سەنت.

بە واژووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بڕیارنامەی نوێ لەبارەی رێکخستنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و بەوشێوەیەش نرخی یەک لیتر بەنزین لە 28 لیرەوە بوو بە 34 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و 50 سەنت و نرخی یەک لیتر گازیش گەیشتە 32 لیرە.

ئەو بڕیارە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان لە کات و ساتی ئێستا مایەی قبوڵکردن نییە".

بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان لە تورکیا دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو کەمترین مووچەی فەرمانبەران بۆ 22 هەزار لیرە بەرزکرابوویەوە.