سەرکردەیەکی حزبی دەعوە: ئەوەی روویدا هەوڵی دروستکردنی فیتنەیە لەنێوان براکان

K24 - هەولێر:

سەرکردەیەکی حزبی دەعوە سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە باوکی موقتەدا سەدر و کاردانەوەکانی، دەڵێت: نابێت ئەوەی روویداوە بە سیاسی بکرێت.

لەدوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک، کە تێیدا وادەردەکەوێت سووکایەتی بە مەرجەعێکی باڵای شیعەکان کراوە، لایەنگرانی سەدر هەڵدەکوتنە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە.

حەیدەر لامی، سەرکردە لە حزبی دەعوە لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەوەی روویدا هەوڵی دروستکردنی فیتنەیە لەنێوان براکان، راستە جیاوازی بیرکردنەوە هەیە بەڵام ناکرێت ئەمە درێژ بکرێتەوە بۆ سەردەمی محەممەد سادق، گوتیشی: نابێت ئەوەی روویداوە بە سیاسی بکرێت.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، لەلای خۆیەوە وەزیری سەدر رایدەگەیەنێت، هێرشی لایەنگرانی رەوتی سەدر بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دەعوە پلان بۆ داڕێژراو نەبووە. داواش لە پەرلەمانی عێراق دەکات، بە دەرکردنی یاسایەک سووکایەتیکردن بە ئایین و مەزهەبەکان رێگرییان لێبکرێت.

ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنگرانی سەدر بەبێ گەڕانەوە بۆ مەرجەع هیچ شتێک ناکەن، هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حزبی دەعوەش پلانی بۆ دانەڕێژراوە و تەنیا هاوسۆزییەکی لایەنگرانی رەوتەکە بووە بۆ سەدر.

لە بەرانبەریشدا، حزبی دەعوە لە راگەیەندراوێکدا رەتیان کردەوە سووکایەتییان بە محەممەد سادق سەدر، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە کردبێت.

محەممەد سادق سەدر کە دەکاتە باوکى موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە 19ى شوباتى 1999 کە هێشتا حزبی بەعس دەسەڵاتی مابوو لە شارى نەجەف، لەگەڵ دوو کوڕیدا کوژران.