وەزیری پەروەردە: رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەکرێتە پشووی فەرمی

کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەدەی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەدەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزیری پەروەردە دەستپێکردنی وەرزی ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024 لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2023 راگەیاند و دەڵێت، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، بڕیاردرا رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان بکرێتە پشووی فەرمی. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تەممووزی 2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەکۆدەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە، بڕیاردرا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024، رۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بکرێتە پشووی فەرمی؛ واتا دەوامی فەرمی خوێندن لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە دەبێت و دواتر لە رێگەی گشتاندنەوە وردەکاریی بڕیارەکە بۆ هەموو پەروەردە گشتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن رووندەکرێتەوە.

وەکو ئەوەی وەزیری پەروەردە لە بەشێکی قسەکانیدا باسی کرد، قوتابخانەکان دەتوانن رۆژانی شەممە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم یان دووەم، یان لە کاتی بوونی فێستیڤاڵ، بۆنە، رێوەڕەسم یان هەر کارێکی پێویست بەکاربهێنن و دواتر وردەکارییەکانیان بۆ دەنێرن.

لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە، وەزیری پەروەردە ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەنجامدانی گفوگۆیەکی چڕ لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت سەبارەت بە ساڵنامەی ساڵی نوێی خوێندن و بۆ ئەوەی ساڵنامەکە بە شێوەیەک بێت سوودی هەبێت بۆ مامۆستا، قوتابیان و خانەوادەکانیان؛ بڕیاریاندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن رۆژانی شەممە بکەنە پشووی فەرمی.

سوودەکانی ئەو بڕیارە، بەگوتەی ئالان حەمە سەعید، "مامۆستا لە جیاتی ئەوەی شەش رۆژ دەدوام بکات، پێنج رۆژ دەوام دەکات؛ جۆرێک لە دادپەروەری لە شێوازی رێکخستنەوەی دەوامی مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دروست دەبێت؛ مامۆستایانی دەرەوەی شار ناچار نابن شەش رۆژ بێن و بڕۆن و پێنج رۆژ هاتووچۆ دەکەن؛ سوودی هەیە لە بابەتی ژینگە و تێچووی هاتووچۆی مامۆستایان، قوتابیان و فەرمانبەرانیش کەمدەکاتەوە". دەشڵێت، "رێکخستنەکە وا کراوە کە لەسەر حسابی کواڵێتی خوێندن نەبێت و رۆژانی خوێندن کەم نەکاتەوە".

بەگوتەی ئالان حەمە سەعید، ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024 رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلوولی 2023 بۆ قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەستپێدەکات "جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە پڕۆگرامێکی خوێندنی تایبەتی خۆیان دەبێت." روونیشیکردەوە، رۆژانی 13 و 14ـی مانگی ئەیلوول دەست ناکرێت بە وانەگوتنەوە، بەڵکوو رۆژی 17ـی ئەیلوول لەلایەن مامۆستایانەوە دەستدەکرێت بە وانەگوتنەوە.  

ساڵی نوێی خوێندنی 2023/2024 وەکو ئەوەی ئالان حەمە سەعید باسی کرد، "لە 170 رۆژ کەمتر نابێت و ئێمە توانیومانە پارێزگاری لە ئاستی رۆژانی خوێندن بکەین و بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکان، سوودمان لە بەشێک لەو پشووانە وەرگرتووە، کە پێشتر پشووی خۆمان  بوون، نەک ئەو رۆژانەی پشووی گشتیی حکومەتن و راگەیەندراون. ئێمە دەستکاری ئەو پشووانەمان نەکردووە، چونکە دەسەڵاتی دەستکاریکردنی ئەو بابەتەمان نییە".

نوێدەکرێتەوە..