سكاڵایه‌كی یه‌كێتی له‌ دادگای فیدراڵی عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان ره‌تكرایه‌وه‌

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

K24 – هەولێر:

سکاڵایه‌كی فراکسیۆنی یەکێتی له‌باره‌ی هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و راپرسی له‌ دادگای فیدراڵی عێراق رەتکرایه‌وه‌.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەرزکرابووەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا 16ـی ته‌مموزی 2023 دادگای فیدڕاڵی عێراق رەتیکردەوە دادبینی بۆ سکاڵاکە بکات، بەوپێیەی دادگاکە پەیوەندیدار نییە بەو بابەتە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڕیاری "نادەستووریبوون"ـی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی دا، بەپێی ئەو بڕیارە، کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستانیش بە "نایاسایی" ناسێندرا، بەڵام سکاڵای سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوەشانەوەی کۆمسیۆنەکە بە تەواوی لە لایەن دادگای فیدراڵی رەتکرایەوە.

رۆژی (10ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره‌ (90) له‌ (26ـی ئاداری 2023)، بڕياردراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان لە رۆژى (18ـی تشرینی دووەمی 2023) به‌ڕێوەبچێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى كردووه‌ كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رۆژەدا، یاخود له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ (18ـی کانوونی یەکەمی 2023).

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد".

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لەم مانگەدا ده‌ست به‌ تۆماركردنی هاوپه‌یمانیەتی حزبەکان دەکرێت.