تورکیا حەوت هاووڵاتی رۆژئاوای کوردستان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە

کارمەندانی بەرگری شارستانی زاخۆ لەکاتی دەرهێنانی تەرمەکە
کارمەندانی بەرگری شارستانی زاخۆ لەکاتی دەرهێنانی تەرمەکە

K24 – زاخۆ:

دوای ئەوەی حەوت هاووڵاتی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بە رێگەی نافەرمی هەوڵی پەڕینەوە لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدەن، لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیردەکرێن و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و شوێنەواری ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو پەنارە ناوی رودی سلێمان ئەحمەدە و تەمەنی 24 ساڵە و خەڵکی شاری قامیشلۆی کوردستانە، لەگەڵ شەش هاوڕێی هەوڵی تێپەڕاندنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایان داوە بەشێوەی نافەرمی لە ئیبراهیم خەلیل لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەڵام لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیرکراون.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بەکوردستان24ـی راگەیاند، شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجەدان بە جەستە و رووخساری قوربانییەکەوە دیارە و تائێستا روون نییە پێشتر گیانی لەدەستداوە و فڕێدراوەتە ناو ئاوی رووباری هیزلەوە، یاخود لەکاتی پەڕینەوە خنکاوە و گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوە لە رووداوێکی خنکان ئاگادارکرانەوە، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی ئەو هاووڵاتیەیان دەرهێنا و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنەکەی.

لەبارەی چارەنووسی ئەو شەش هاووڵاتییەی دیکە کە دیپۆرت کراونەتەوە، کوردستان24 زانیویەتی کە خۆیان رادەستی ئاسایشی ناوچەکە کردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.