بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان بێدەنگیان هەڵبژاردووە

.
.

K24 - هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ نامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی، كە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش هیچ گرفتێکی لەگەڵ ئەو دوو وادەیەدا نییە، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمجامدانی ھەڵبژاردن دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا هەریەک لە یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری، لەبارەی نامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ کۆمسیۆنی عێراق بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی دوو وادەی خستە بەردەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، 18 ی 11 یاخود 18/12/2023 کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. پارتی وەک یەکەم هێزی سیاسی، پشتیوانی خۆی بۆ داواکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 18ی 11 یان لە 18ی 12 بکرێت، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەم پشتیوانی لەو داوایەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەمیش هیوادارین لایەنە سیاسییەکانی دیکەش پشتیوانی لێبکەن و کۆمسیۆن و حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەی عێراق پاڵپشت بن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەکێک لەو دوو وادانە ئەنجامبدرێت".

بێدەنگی باڵی بەسەر هەڵوێستی بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا کێشاوە، کوردستان24 بۆ وەرگرتنی رای فەرمی حزبەکان لەسەر بەییانامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندی بە بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵی دادگەرییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون قسە لەوبارەوە بکەن، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بە فەرمی دەڵێت: دەبوایە بەر لەو وادەیەش هەڵبژاردن ئەنجام درابوایە.

هێمن ئەسکەندەر، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، گوتی: "لە راستیدا ئێمە گرفتمان لەوە هەبوو کە هەڵبژاردن دواخراوە، پێمان باش بوو هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، لەگەڵ دواخستنی نەبووین، پێمان وایە پاساوەکان بۆ دواخستن پاساوی سیاسین نەک سیاسی و تەکنیکی کە نەتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت".

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارە کۆبوونەوەیەک بۆ داواکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، تێیدا وەڵامی نامەکە بداتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.