پوتن: ئەگەر بۆمبی هێشوویی لە دژمان بەکاربهێندرێت، ئێمەش مافی وەڵامدانەوەمان هەیە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AP
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا | وێنە: AP

K24 - هەولێر

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، ئەمەریکا و ئەوروپا تەقەمەنی پێویستیان لەبەردەستدا نییە، لەبەرئەوەشە بۆمبی هێشووییان بۆ ئۆکرانیا پێشنیاز کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، لە وڵاتەکەیدا یەدەگی پێویستی جۆرەها بۆمبی هێشوویی هەیە و ئەگەر لە دژیان بەکاربهێندرێت، ئەوا بەهەمان شێوە مافی وەڵامدانەوەیان هەیە.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی ''مۆسکۆ. کرملین. پوتن" هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری ئەمەریکا کرد لەبارەی ناردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆکرانیا.

سەرۆکی رووسیا لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئیدارەی ئەمەریکا ماوەیەک لەمەوبەر باسی لەوە کرد، بەکارهێنانی ئەم بۆمبانە تاوانە و پێویستە ئەم بابەتە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

گوتیشی: ''ئەوان (ئەمریکا) ئەمە لە پێناو ژیانێکی باشدا ناکەن، بە گشتیی بەهۆی ئەوەی کەمی تەقەمەنیان هەیە ئەنجامی دەدەن''.

بەگوتەی سەرۆکی رووسیا، سوپای ئۆکرانیا لە رۆژێکدا نزیکەی 5-6 هەزار گولـلەی 155 ملم بەکار دەهێنێت و ئەمەریکاش لە یەک مانگدا، 15 هەزار گولـلە بەرهەم دەهێنێت و گوتی: ''تەقەمەنی پێویست نییە. لە ئەوروپا ئەوە هەر نییە. لە پێشنیازی بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی شتێکی دیکەیان نەدۆزییەوە''.

پوتن باسی لەوە کرد کە لە وڵاتەکەیدا یەدەگی پێویستی جۆرەها بۆمبی هێشوویی هەیە و گوتی: ''تا ئێستا ئەمەمان بەکارنەهێناوە. سەرەڕای کەموکوڕی تەقەمەنی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، پێویستییەکی لەم شێوەیەمان نەبوو، بەڵام ئەگەر دژمان بەکاربهێندرێت، ئەوا بەهەمان شێوە مافی وەڵامدانەوەمان هەیە''.

ڤلادیمێر پوتن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی زرێپۆشی جەنگیی برادلی دروستکراوی ئەمەریکا و مووشەکی دروستکراوی بەریتانیا لە ئۆکرانیا لەلایەن سەربازانی رووسیاوە، باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەیان لەو چەکانە کردووە و گوتی: ''گوزارشتێک هەیە لەبارەی ئەندازیاری پێچەوانە. ئەمانە ئامێری تەکنیکیی مۆدێرنن''.

سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، رووسیا ئامێری تەکنیکی سەربازیی مۆدێرنی کاریگەری لەبەردەستدایە و گوتی: ''ئەمانە بۆ نموونە دەڵێم نەک بۆ گەورەکردن، تانکی مۆدێرنی T-90 کە باشترین تانکی جیهانە. لەگەڵ ئەوەشدا دوژمنیش ئامێری سەربازیی مۆدێرن دروست دەکات''.

ڤلادیمێر پوتن جووڵەی سوپای رووسیای دژبە هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بە ئەرێنیی لە قەڵەم دا و گوتی: ''یەکە سەربازییەکانمان قارەمانانە هەڵسوکەوت دەکەن. لە هەندێک شوێندا بەشێوەیەکی چاوەڕوانکراو دوژمن هێرش دەکات''.

پوتن باسی لەوە کرد، سوپای ئۆکرانیا هەموو هەوڵێک دەدات و یەدەگە ستراتیجییەکانی بەکارهێناوە بۆ شکاندنی بەرگریی سوپای رووسیا و گوتی: ''هەموو هەوڵەکان شکستیان هێناوە''. سەرۆکی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا دواتر رووسیا چ ئەرکێک بەجێدەگەیەنێت رایگەیاند: ''با کامێراکان بکوژێندرێنەوە باسی دەکەم''.