رۆژنامەیەک چۆنیەتی رفاندنی هاووڵاتییە ئیسرائیلییەکە لە عێراق ئاشکرا دەکات

ئەلیزابێس تسۆرکۆڤ
ئەلیزابێس تسۆرکۆڤ

K24 - هەولێر

رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، وردەکاری نوێی سەبارەت بە بارودۆخی رفاندنی توێژەرە ئیسرائیلی-رووسی، ئەلیزابێس تسۆرکۆڤی تەمەن 36 ساڵ لە عێراق بڵاوکردەوە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا کە رۆژی یەکشەممە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، کەناڵی 12ی عیبری لە زاری سەرچاوە عەرەبییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە کە تسۆرکۆڤ دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی چاوی بە دەستگیرکراوەکان بکەوێت وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ تێزی دکتۆراکەی.

بەگوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان، تێزی دکتۆراکەی تیشک خستنە سەر بزووتنەوە شیعەکان بووە لە عێراق، بەتایبەتی لەسەر رەوتی سەدری سەر بە موقتەدا سەدر.

رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، خودی تسۆرکۆڤ پەیوەندی بە پیاوێکی ئایینی شیعە بە ناوی ئەحمەد عەلوانییەوە کردووە و داوای دیدارێکی لەگەڵ محەممەد عەلوانی ئامۆزاکەی لێ کردووە، کە بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵایە، کە یەکێکە لەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتی دەکات.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە میانی دیداری دووەمی نێوان تسۆرکۆڤ و محەممەد و ئەحمەد عەلوانیدا، ئەو دوو کەسە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کچە ئیسرائیلییە و بڕیاریانداوە بیڕفێنن، دوای رفاندنەکەش هەوڵیان داوە بیگوازنەوە بۆ ئێران.

کاتی رفاندنەکە
کاتی رفاندنەکە

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تسۆرکۆڤ پسپۆڕی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی پرینستۆن لە ویلایەتی نیوجرسی لە ئەمەریکا، چەند مانگێک پێش رفاندنەکەی لە عێراق، هۆشداری لە بەرپرسانی ئیسرائیل وەرگرتووە سەبارەت بە مانەوەی لە عێراق .

تسۆرکۆڤ لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بە پاسپۆرتێکی رووسیەوە هاتە ناو عێراق، لە مانگی ئاداری رابردووش رفێندراوە، کاتێک کەناڵێکی عێراقی ڤیدیۆییەکی پەخشکرد کە تیایدا ئەو ساتەی تسۆرکۆڤ لەگەڵ پیاوێکدا رۆیشتووە لە کافێیەکدا، کە خەڵکی بیانی زۆر سەردانی دەکەن لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا.

راپۆرتە میدیاییەکان پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە دانوستان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە رێگەی لایەنێکی غەیرە عەرەبییەوە بۆ ئازادکردنی تسۆرکۆڤ بەڕێوەدەچێت.