ئەردۆغان: لە باکووری سووریا ناکشێینەوە و دەرگامان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەسەد دانەخستووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەرگایان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەسەد دانەخستووە  و "گرنگ شێوازی نزیکبوونەوەی ئەوانە لە ئێمە". هاوکات رەتیدەکاتەوە هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا بکشێنەوە، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، لەو ناوچانە "شەڕی تیرۆر" دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی تەممووزی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پیش بەڕێکەوتنی بەرەو سعوودیە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک ساز کرد.

ئەردۆغان سەبارەت پەیوەندی و گفتوگۆکانی نیوان تورکیا و سووریا، ئاماژەی بەوە دا، تورکیا دەرگای بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەسەد دانەخستووە و گوتی: "گرنگ شێوازی نزیکبوونەوەی ئەوانە لە ئێمە".

سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا راشیگەیاند: ''لەئێستادا لە سووریا ئەسەد دەیەوێت تورکیا لە باکووری سووریا بچێتە دەرەوە. شتێکی لەم شێوەیە نابێت. ئێمە لەوێ بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە''.

سەبارەت بە رێککەوتننامەی رێڕەوی دانەوێڵە کە ئەمڕۆ ماوەکەی تەواو بوو، ئەردۆغان گوتی: "سەرەڕای ئەو راگەیەندراوەی کە ئەمرۆ بڵاوکرایەوە، پێموایە سەرۆکی رووسیا پوتین دەیەوێت ئەم پردە مرۆییە بەردەوام بێت. رەنگە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی مانگی ئاب بکەین، هەنگاو بنێین و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بە بەڕێز پوتین-یشەوە بکەین".

ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم ماوەیەی دواییدا رێگایەکی دوور و درێژیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بڕیوە و هەموو جۆرە پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوییان لە دوای بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات وەرگرتووە رایگەیاند، وڵاتانی دۆست و برا هاوسۆزییەکی تەواویان بۆ تورکیا نیشان دا لە زۆر بواردا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە کاروپڕۆژەکانی کۆمپانیا تورکییەکان دا لە وڵاتی کەنداو و گوتی: "قەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە بەڵێندەرانمان لە سعوودیە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەنجامی داوە نزیکەی 25 ملیار دۆلارە. دەمانەوێت کۆمپانیا تورکییەکان رۆڵێکی کاراتر لە پڕۆژە گەورەکانی سعوودیە بگێڕن".

سەرۆککۆماری تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەی، هەماهەنگی و راوێژکاری نزیک لەنێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداودا بووەتە شتێکی پێویست، گوتیشی: "'لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، قەبارەی بازرگانییمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە 1.6 ملیار دۆلارەوە بەزربووەتەوە بۆ نزیکەی 22 ملیار دۆلار''

ئەردۆغان ئاماژەی بە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو دا و گوتی: "لە ماوەی سەردانەکانماندا کارنامەی سەرەکیمان چالاکییە هاوبەشەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی دەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە ماوەی داهاتوودا".