شەریف سلێمان: جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەسەر کات وەستاوە

شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە و  گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و بڕگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ئیتیحادی دا کرا، هاوکات ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای بودجە لەسەر کات وەستاوە.

شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، شاندی هەردوولا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڕگەکانی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ئیتیحادی، هەروەها تا ئێستا هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا نییە.

هاوکات راشیگەیاند، ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسیا بودجەدا پەسەندکراوە و سەرەڕای تێبینی وتانەیان لەسەر هەندێک لە گۆڕانکاری ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا.

ئاماژەی بەوەدا، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زەرەمەند دەبن لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، هەروەها هەندێک ماددەی یاسای بودجە تانەی لێدراوە لەلایەن سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێدەکرێت دادگای فیدراڵی دوا بڕیاری خۆی بدات لەسەر ئەو ماددانەی یاسای بودجە کە تانەی لێدراوە، بەڵام ئەو تانانەی کە لە یاسای بودجەدا دراوە لە دادگای فیدراڵی کاریگەری نابێت لەسەر دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە نزیکترین کاتدا، بەهۆی ئەوەی هەر دواکەوتنێک رووبدات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زیانمەند دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندبوو، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی له‌باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان كردووه‌ و "پێویستی به‌وه‌ كرد تیمێكی باڵای هاوبه‌ش هه‌بێت، تاكو بڕیاری تاكه‌كه‌سی له‌باره‌ی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم نه‌درێت و بۆ ئەو مەبەستە به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئەو بابەتە پێكهێندراوە."