هەڵکەوت عەبدولڕەحمان: كار ده‌كه‌ین بۆ زیاتركردنی دارستانی ده‌ستكرد

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان، رایدەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتییان دارستانەکان بپارێزن و نەیشێونن، هەروەها بەهۆی نەبوونی نەوت پەنا نەبەنەبەر بڕینەوەی دار بۆ خۆ گەرمرکردنەوە، هاوکات دەشڵێت: كار ده‌كه‌ین بۆ زیاتركردنی دارستانی ده‌ستكرد.

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دارستان و پاوان، لەسەرجەم ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکان کاردەکەن بۆ زیادکردنی یان دروستکردنی داراستانی دەستکرد.

هاوکات راشیگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووانگەی ژینگە پارێزی و هۆشیارکردنەوەی تاک، کاری جددی دەکات بەپێی یاسا و ڕینماییەکانی وەزارەت.

ئاماژەی بەوەدا، لەبارەی سەوزکردنی شار دەبێت هۆشیاری ژینگەیی بڵاوببێتەوە، کە هەموو تاکێک هەست بەوە بکات کە دار بڕینەوە و لەناوبردنی دارستانەکان لەناوبردنی ژیانی خودی ئادەمیزادە.

بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان دەشڵێت:" دەبێت کاری جددی بکەین بۆ نەهێشتنی پاساوەکانی هاووڵاتییان بۆ پەنابردن بۆ بڕینەوەی دار بۆ خۆگەرمکردنەوە، لەوە تێدەگەین کە هاووڵاتییان بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بە زستانێکی سەختدا تێدەپەڕن، پێویستییان بەهۆکاری خۆگەرمکردنەوەیە، بەڵام نابێت پەنا ببەنەبەر بڕینەوەی دارەکان".

باسی لەوەشکرد، ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەر لە هاتنی وەرزی سەرما، بۆ پاراستنی دارستانەکان نووسراو دەکەن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە سووتەمەنی بدرێت بە هاووڵتییانی ناوچە شاخاوییەکان بۆ ئەوەی سووتەمەنیان پێبگات و پەنا نەبەنەبەر بڕینەوەی دار.

هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، گوتی: "کارەساتێکی گەورەیە پاساوەکان هەرچی بن پەنا ببرێتەبەر بڕینەوەی دارێکی 100 ساڵە کە سروشت هەزاران ساڵە هەڵیبژرادووە بۆ ئەم خاک و ژینگەیە".