ژماره‌یه‌ك مه‌تران نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی ئاراسته‌ی سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كه‌ن
K24 - هەولێر:
ژماره‌یه‌ك مه‌تران له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی سه‌رۆككۆماری كردووه و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیای كشانه‌وه‌ی مه‌ڕسوومی كۆمارییان كردووه كه تایبه‌ته به كاردینال پارتیارك لویس رافایل ساكۆ.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 17ـی ته‌ممووزی 2023) ژماره‌یه‌ك مه‌تران له هه‌رێمی كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراق كردووه و تێیدا رایانگه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای كه‌نیسه‌ی كلدانی له عێراق و جیهان كراوه، توندوتیژییه به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كه‌یان و سووكایه‌تیكردنه به پیرۆزی و سێمبۆڵه‌كانیان.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌یاندا رایانگه‌یاندووه، ئه‌و بڕیاره رۆژ له دوای رۆژ زیاتر كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و دواتریش ده‌ته‌قێته‌وه و مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هاوكات ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن سه‌رۆككۆمار له به‌رامبه‌ر دروستبوونی ئه‌و بارودۆخه، له به‌رده‌م خوا و گه‌ل به‌رپرسیار ده‌بێت. ئه‌وه‌شیان به‌بیرهێناوه‌ته‌وه، كه تا ئێستا تاوانه‌كانی داعش له دڵ و ده‌روونیان ماوه و ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و تاوانانه به‌سه‌ر جه‌سته‌یانه‌وه دیاره.
ئه‌و ژماره مه‌ترانه له كوردستان، عێراق و ده‌ره‌وه داوایان كردووه "كۆتایی به‌و تاوان و نادادپه‌روه‌رییه بهێندرێت كه به‌رامبه‌ر به گه‌لی ماندوو و كۆستلێكه‌وتووی عێراق ده‌كرێت و كۆتایی به‌و هاوپه‌یمانه‌تییانه بهێندریت كه قوربانییه‌كه‌ی ته‌نیا نیشتمان و هاووڵاتیانینه".
مه‌ترانه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، كه كاردینال رافایل ساكۆ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و نێوده‌وڵه‌تی به ده‌ستپاك و نیشتمانپه‌روه‌ر ناسراوه و هه‌مووان وه‌ك په‌رژین و قه‌ڵایه‌ك به‌رگری له مافه‌كانی و مافی رۆڵه‌كانی كه‌نیسه‌ی ئازارچه‌شتوو و موڵكه دزراو و به‌قاچبراوه‌كانیان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باجه‌كه‌ی هه‌ر چییه‌ك بێت. هه‌روه‌ها روونیان كردووه‌ته‌وه، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆككۆمار بڕیارێكی نادیراسه‌كراو و نابه‌رپرسانه‌یه و دژ به ڕێز و شكۆ و هه‌ست و نه‌ستیانه.
هه‌ر یه‌ك له مه‌تران تۆمار میرم، له ئێران، فرانسیس قلابات و ئیمانوێڵ شه‌ڵیتا له ئه‌مه‌ریكا، ره‌مزی كرمۆ و سه‌بری ئانار له توركیا، فیلیكس شابی له زاخۆ له هه‌رێمی كوردستان، باسیلیۆس یه‌ڵدۆ له به‌غدا و میخائیل نه‌جیب میخائیل له مووسڵ واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه كردووه و ئاراسته‌ی سه‌رۆككۆماری عێراقیان كردووه.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسا‌ی کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسا‌ی کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.
هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسومی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێسا‌کان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".
سەرتای مانگی ئایاری رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ رایگەیاند، ئەو هاوشێوەی سیستانی کە مەرجعی باڵای شیعەکانە، ئەویش مەرجی کریستیانەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە کاری سیاسییەوە نییە و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە رەیان کلدانی نوێنەرایەتی کریستیانەکان ناکات و بەوەش تۆمەتباری کرد کە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی کڵێساکانی پارێزگای نەینەوا دەدات.
هاوکات سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هۆشداریدایە حکومەتی عێراق، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژی کریستانەکان دەکرێت، نەیەتە دەنگ ئەوا پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبەن.