وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەیەک هەلی کار رادەگەیەنێت

هەلی کار
هەلی کار

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەلی کار لە هەڵەبجە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگە و هەڵگرانی ئامادەیی و ناوەندیی و سەرەتایی رادەگەیەنێت.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی ئاماژەی بەوەکردووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/سەرۆكایەتی دیوان ژمارە (2758) لە (10ـی تەمموزی 2023) و فەرمانی وەزاری وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بە ژمارە (1012) لە (17ـی تەمموزی 2023)، رایدەگەیەنێت  كە پێویستیان بە دامەزراندنی ژمارەیەك لە کارمەند هەیە بۆ داینگەی حكومی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی/ هەڵەبجە.

لەبارەی ئەوانەی دەتوانن داوای دامەزراندن پێشکەش بکەن، لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، هەڵگرانی بڕوانامەی (بەكالۆریۆس) لە تایبەتمەندییەكانی (ژمێریاری، كارگێری، كۆمەڵناسی) لە رەگەزی مێ و هەڵگرانی بڕوانامەكانی (بەكالۆریۆس و دبلۆم) بۆ پسپۆری (چارەسەركاری سروشتی) لە رەگەزی (نێر).

هەروەها هەڵگرانی بڕوانامەی (ئامادەیی) بۆ ناونیشانی (چاودێر) لە رەگەزی (مێ) و هەڵگرانی بڕوانامەی (ئامادەیی) بۆ ناونيشانی (شۆفێر و پاسەوان) لە رەگەزی (نێر) و هەڵگرانی بڕوانامەی (ناوەندی و سەرەتایی) بۆ پیشەی (كارگوزار) لە رەگەزی (مێ).

وەزارەتی کار و کارباری کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، پێویستە پێشكەشكار فۆرمی دامەزراندن تەمەنی نێوان (20 بۆ 35) ساڵ بێت و دانيشتووى ناو شاری هەڵەبجە بێت، هەروەها پڕكردنەوەی فۆڕم تەنیا بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت بۆ ماوەی (3) رۆژ لە رێكەوتی 18/7/2023 تا رێكەوتی 20/7/2023.

بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشکەشکردن، ئێرە کلیک بکە.