سوودانی: گرنگە وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت

کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە پێویستی دەزانێت وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت و هاوکات لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، پاڵپشتیی حکومەتەکی بۆ بەڕێوەچوونی "هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، شەفاف و پاک" دووپاتدەکاتەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (17ـی تەممووزی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاریی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 12ـی تەممووزی 2023، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراێکی فەرمیدا داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، ئاماده‌يى خۆی نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 18-11-2023 یان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ رۆژی 18-12-2023.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ ئاماژەی بەوە داوە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە".

بڕیارە رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 1ـی تەممووز تا 31ـی تەممووز دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی حزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لەسەر  "گرنگی پابەندبوون بە خشتەی ئەو کاتانەی کە بۆ قۆناغەکانی کاری ئامادەکارییەکان دانراون و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، شەفاف و پاک" کردووەتەوە.

23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س دەتوانن بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن. بەگوێرەی دوایین ئامار، تا ئێستا 270 حزب و لایه‌نی سیاسی ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان تۆماركردووه و هاوکات 15 حزبی دیكه‌ش ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنەکەدا نیشانداوه.‌‌

لە کۆبووەنەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پشتیوانی  پێویستی حکومەتی بۆ کۆمسیۆن بەمەبەستی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان بە شێوەیەکی پیشەیی و دروست دووپاتکردووتەوە.