وەزارەتی بازرگانی: هەوڵدەدەین "بە نرخی حکومی" گەنم لە جووتیاران وەربگرین

سەروەر هاواری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەروەر هاواری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری هەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی گەنمەکە "بە نرخی حکومی" لە جووتیاران وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023، سەروەر هاواری، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕی ئەو گەنمەیان دیاریکردووە کە لە بەردەمی سایلۆکانی هەولێر ماوەتەوە و وەرنەگیراوە. روونیشیکردەوە، لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ کۆمپانیای خۆشناو بۆ ئەوەی بتوانن "بە نرخی حکومی گەنم لە جووتیاران وەربگرین و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم زۆر بە باشی چووەتە پێشەوە".  

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم بە ئاماژەدان بەوەی، "توانای رۆژانەی ئێمە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دیاریکراوە"، هاوکات روونیشیکردەوە، پشکنینەکانی کۆمپانیاکە "ورد و زانستین و بە تەکنەلۆژیای نوێ پشکنین دەکەن، جیاوازە لەو پشکنینانەی لە کەرتی گشتی و سایلۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە".

بەشێک لە جووتیاران گلەیی لە ‌هێواشی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکەن و دەڵێن، گەنمیان لە بەردەم سایلۆکان ماوەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لەوبارەوە دەڵێت، "هەر گلەیی و نیگەرانییەکی جووتیارانمان پێ بگات، دووبارە دێینەوە و لەگەڵ کۆمپانیای خۆشناو کۆدەبینەوە و گوێ لە هەموو ئەو پێشنیازانەی ئێمە دەگرن کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران پێشکەشیان دەکەین."

هەر لەبارەی گلەیی جووتیاران، سەروەر هاواری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئەو گلەییەی جووتیاران هەیانە، ئەوەیە کە دەیانەوێت خەسمەکەیان کەمتربێت، بۆ نموونە ئەگەر لە 25 تۆن چەند تۆنێک خەسم بێت، دابەشی سەر پارەکە دەکرێتەوە و نرخی هەر تەنێک کەمدەبێتەوە. ئێمە لە سایلۆکانمان تەنها پشکنینی فیزیایی هەیە، بەڵام لەم کۆمپانیایە پشکنینی فیزیایی و کیمیاییشیان هەیە، کە بابەتی گلوتین، خول و خاشاک، جۆیە یان جۆرێکی دیکەی دانەوێڵە تێکەڵی گەنمەکە کرابێت، پشکنین بۆ هەموو ئەمانە دەکرێت".

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ کۆمپانیای خۆشناو "بە ئاراستەیەکی باش بەڕێوەدەچن بۆ ئەوەی خەسمەکە کەمبکەینەوە و بە نرخ مامەڵە لەگەڵ گەنمی جووتیاران بکەین".

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئاماژەی پێ دا، جۆرێکی دیکەی گەنم هەیە پێی دەگوترێت "گەنمی سلێمانی دوو" کە بنەتووەکەی لە سنووری کۆیە، سەکتان و دێگەلە هەیە. گوتیشی، ئەو جۆرە گەنمە "بە شێوازێکی زۆر نییە و کۆمپانیای خۆشناو وەرینەگرتووە، چونکە ستانداردی خۆیان هەیە و لە هەوڵداین چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیەش بدۆزینەوە".  

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەیەک لە سایلۆی هەولێر دروست بوو و گەنم لە جووتیاران وەرنەدەگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێکهێندرا. دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، "لەمەودوا گەنمی جوتیاران لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت (خۆشناو و قەیوان)  وەردەگیرێت کە پێشتر رێککەوتنمان لەگەڵیاندا کردووە".

ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە 500 هەزار تۆن دیاری کردبوو. لەو ژمارەیە 145 هەزار تۆنی پشکی پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش گەنمی بەشێک لە جووتیاران وەرنەگیراوە. لەوبارەوە رۆژی هەینی 14ـی تەممووزی 2023، نەوزاد شێخ کامیل گوتبووی، ئەگەر بەغداش گەنمی ئەو جووتیارانە وەرنەگرێت کە لە نۆرەدا ماون، رادەستی کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو دەکەن.                   

هەر لەو رۆژەدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتی وەرگرتنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازارگانیی عێراقەوە لە 16ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و ماوەی یەک مانگیش بەردەوام دەبێت.