پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر و بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت

قه‌ڵای هه‌ولێر
قه‌ڵای هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی رێكخراوی جایكای ژاپۆنی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر و پرسی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن و پرۆژەی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و سازدانی چەندین سیمینار بە هەماهەنگی گفتوگۆ ده‌كات.

رۆژی (دووشه‌ممه‌ 17ـی ته‌ممووزی 2023) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یۆنیدا سان، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی جایكای ژاپۆنی لە عێراق و شاندێكی یاوەریی كۆبووه‌وه‌ و تێیدا گفتوگۆیان له‌باره‌ی پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر و پرسی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و سازدانی چەندین سیمینار بە هەماهەنگی لەگەڵ جایكا كرد.

هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوانیان تایبه‌ت بوو به‌ تاووتوێكردنی نوێترین پێشهاتەكانی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی شاری هەولێر و گرنگیی پرۆژەكە و دابینكردنی پێداویستیی جێبەجێكردنی، به‌تایبه‌تی كە پڕۆژه‌كه‌ لە قۆناغی تەندەریندایە. هاوكات هه‌ردوولا باسیان لە كارەكانی دوو تیمی تایبەت بە پرۆژەی ئاو لە شاری هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و سازدانی چەندین سیمینار كرد، بڕیاریش وایه‌ لە داهاتوودا تیمێكی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه‌ بە مەبەستی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورس سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاوەڕۆی قورس لە شار و شارۆچكەكان گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن.

له‌لای خۆیه‌وه‌ بەڕێوەبەری رێكخراوه‌ ژاپۆنییه‌كه‌ لە عێراق پشتوانی جایكای بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پڕۆژەی خزمەتگوزارییەكانیان دووپات كردەوە، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر پشتوانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ پرۆژەكانی ئه‌و رێكخراوه‌ كرده‌وه‌.