لە کابینەی نۆیەمدا 122 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 148 ملیار دینار لە سنووری بەردەڕەش جێبەجێکراون

K24 - بەردەڕەش:

لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە گوژمەی 148 ملیار و 880 ملیۆن دینار، 122 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئەنجامدراوە، کە زۆرینەیان لەبواری رێگە و بان و رێگەی دەرەوەی شارەکان بووە. هاووڵاتییانی ناوچەکە دڵخۆشن بە پڕۆژەکان و دەڵێن سوودی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە.

ئیلهام محەمەد، هاووڵاتی دانیشتووی گوندی موریلان لە سنووری قەزای بەردەڕەش، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی رێگاوبانەکان، هەروەها لە ئێستادا بەهۆی چاککردنی ئەو رێگاوبانانە  هاووڵاتییان خۆشحاڵن و بووەتە هۆی کار ئاسانی بۆیان.

لەلایەن خۆیەوە، ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی قەزای بەردەرەش، بۆ کوردستان24، گوتی: کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ لە هەموو سێکتەرەکان لە سنووری قەزای بەردەڕەش جێبەجێکراون، هەروەها گرنگتریان دروستکردنی سایلۆ بووە بە گوژمەی 20 ملیار دینار.

قەزای بەردەڕەش، لە سێ شارەدێ و 106 گوند پێکدێت، هەروەها رێژەی دانیشتووانی هاووڵاتییانی ئەم سنوورە دەگاتە نزیکەی 173 هەزار کەس، هەروەها ئەم دەڤەرە شوێنێکی گونجاوە بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.