ئیمانوێڵ ماکرۆن بۆ کوردستان24: پوتن دەیەوێت دانەوێڵە وەک چەکێک لەدژی رۆژئاوا و جیهان بەکاربهێنێت

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەداتەوە
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 دەداتەوە

K24 – برۆکسڵ:

سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەمیانی بەشداریکردنی لوتکەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای لاتین و کاریبی رایگەیاند، نوێنەکردنەوەی رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵە بە بڕیارێکی تاکلایەنە لەلایەن رووسیاوە، کاریگەری گەورە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دەبێت و گوتیشی، پوتن دەیەوێت دانەوێڵە وەک چەکێک لەدژی رۆژئاوا و جیهان بەکاربهێنێت.

رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023)، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 هیوای خواست لە زووترین کاتدا، کێشەی هەناردەکردنی دانەوێڵە چارسەربکرێت و ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتادا رووسیا بڕیاریدا بەرپرسیاریەتێکی گەورە لە ئەستۆبگرێت بەڵام هەڵوێستی ئێستای کاریگەری گەورە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئاسیا دەبێت، کە بەرێژەیەکی بەرچاو وابەستەی ئەو رێککەوتنەن.

سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەم هەڵوێستەی وادەردەکەوێت کە دەیەوێت دانەوێڵە وەک چەکێک لەدژی رۆژئاوا و جیهان بەکاربهێنێت، بەمەش هەڵەیەکی گەورە دەکات.

هەروەها ئیمانوێڵ ماکرۆن راشیگەیاند، هەندێک لە ووڵاتان تاوەکو ئێستا گومانیان لەو شەڕە هەیە و پاڵپشتی رووسیا دەکەن، بەم هەڵوێستەی پوتن بۆ راگرتنی هەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەش، دەبێت بۆ هەموو وڵاتێک روون بێت و چیتر پاڵپشتی لە رووسیا نەکەن.

هاوکات سەرۆکی فەرەنسا باسی لە دەستپێشخەرییەکی وڵاتەکەشی کرد، کە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەفریقیا بۆ هاوکاریکردنی ئەو ناوچانەی لە رووی ئاسایشی خۆراکەوە لەژێر فشاردان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵدەدەن گرنگی زیاتر بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەش بدەن.

ئەم لێدوانەی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەراوێزی دووەمین رۆژی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی کاریبی دێت بە بەشداری 60 سەرکردە تایبەت بە پەیوەندییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا کە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو.

لە (22ـی تەمموزی 2022)ـدا، به‌چاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان واژوو کرا و رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکراوەتەوە، لە 17ـی ئه‌م مانگه‌ کۆتاییهات.

کە پێشتر بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە 24ـی شوباتی 2022، هەناردەکردنی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان راگیرا و کاریگەری گەورەی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکان لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد.