ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمهریکی گەیشتە بنکەی بوسان لە کۆریای باشوور
K24 – هەولێر:
کۆریای باشوور گەیشتنی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمهریکی "USS Kentucky" بۆ بنکەی دەریایی بوسان باشووری رۆژهەڵاتی سیئۆل پایتەختی وڵاتەکە، راگەیاند.
بەگوێرهی ئاژانسی هەواڵی یونهاپ، كه راگەیەندراوێکی بەناوی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوورەوە بڵاوکردەوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو، "ژێردەریایی "USS Kentucky" کە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات، گەیشتووەتە بنکەی دەریایی لە شاری بوسان باشووری رۆژهەڵاتی سیئۆل.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژه بهوهشكراوه، ژێردەریاییە ئەمهریکییەکە درێژییەکەی 170 مەتر دەبێت و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 20 مووشەکی بالیستیی ترایدەنت-2ی هەیە.
جهخت لهوهشكراوهتهوه، ئەمە یەکەم ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمهریکایە کە لە دوای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بگاتە کۆریای باشوور.
وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور، لی جۆنگ سوپ لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەی خستووەتەڕوو، جێگیرکردنی ژێردەریایی ئەتۆمی ئەمهریکا لە نیمچە دوورگەی کۆریا، ئەوە دەردەخات کە ئەمهریکا پابەندە بە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کۆریای باشوور.
لی جۆنگ سوپ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە توانا و پێگەی گەورەی هاوپەیمانی و هەڵوێستەکانی نیشانی کۆریای باکوور دەدات، هەروەها پێگەی بەرگریی هاوبەشی بەهێزی کۆریای باشوور و ئەمهریکا لە بەردەم گەلەکەمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتڕاستدەکاتەوە".
مانگی نیسانی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی کۆریای باشوور، یون سیۆک یول و سەرۆکی ئەمهریکا، جۆ بایدن لە واشنتۆن، ئەمهریکا بەڵێنی ئەوەی دا کە کە ژێردەریایی ئەتۆمی رەوانەی سیئۆل بکات.