بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە تورکیا کاریگەری لەسەر کرێی گواستنەوە دروستکردووە

پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ئەنقەر
پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ئەنقەر

K24 – هەولێر:

دوای بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی لە تورکیا، کرێی گواستنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک لە ئەنقەرەی پایتەخت بەرێژەی 34% زیادیکردووە.

شارەوانی ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی، ناچاربوونە نرخی گواستنەوەی هاووڵاتییان زیادبکەن و لەو سۆنگەیەشەوە بلیتی گەورەی گواستنەوەی گشتی لە 9.5 لیرەوە بۆ 15 لیرەو بلیتی مامناوەندیش لە 4.75 لیرەوە بۆ 7.5 لیرە بەرزکراوەتەوە.

بڕیارەکەی شارەوانی ئەنقەرە لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕێش دەکرێت لە شارەکانی دیکەی تورکیاش بەهەمان شێوە کرێی گواستنەوە بەرزبێتەوە.

لە کۆبوونەوەی شارەوانی گەورەی ئورفا بڕیاردرا کە کرێی هاتووچۆی گشتی زیاد بکرێت، بەشێوەیەک کرێی گواستنەوەی گشتی بۆ مامۆستایان لە پێنج لیرەوە بۆ حەوت لیرە زیادکرا و بۆ قوتابیان لە سێ لیرەوە بۆ چوار لیرە زیادکرا و بۆ هاووڵاتییانیش لە 5.50 لیرەوە بۆ 7.50 لیرە زیادکرا و زیادکردنی نرخی بلیتەکانیش لە 10ـی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی لە 25ـی تەمموز بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی زیادبوونی باجەکان و نرخی سووتەمەنی.

هەروەها بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە سەرکردەی پارتەکانی شەش لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکەی تورکیا کرد هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت لە بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان لەلایەن حکومەت و رایگەیاندووە،  ئەوان ئامادەن وەکو فراکسیۆن رێنمایی بە جێگری سەرۆک فراکسیۆنەکانیان بدەن بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدرێت.

لەبەرامبەردا داواکارییەکەی داودئۆغڵو لەلایەن پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیسیۆنەکانی تورکیاوە بە ئەرێنییەوە پێشوازیی لێکراوە و دەستیان بە کارەکان کردووە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی (15ـی تەمموزی 2023)، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بریارنامەی نوێ لەبارەی رێکخستنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان لە رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڵاوکرایەوە و نرخی یەک لیتر بەنزین لە 28 لیرەوە بوو بە 34 لیرە کە دەکاتە دۆلارێک و 50 سەنت و نرخی یەک لیتر گازیش گەیشتە 32 لیرە.

بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنییەکان دوای ئەوە دێت، هەفتەی پێشتر کەمترین مووچەی فەرمانبەرانی تورکیا بۆ 22 هەزار لیرە بەرزکرایەوە.