ئەردۆغان ئۆتۆمبێلێکی دروستکراوی تورکیا وەک دیاری پێشکەش بە میری قەتەر دەکات

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ قەتەر، سەرۆککۆماری تورکیا ئۆتۆمبێلێکی دروستکراوی وڵاتەکەی وەک دیاری پێشکەش بە میری قەتەر کرد.

دوای سەردانەکەی بۆ سعوودیە ئەردۆغان سەردانی قەتەری کرد و دوێنێ سێشەممە لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەر، لە دۆحە پایتەختی قەتەر پێشوازی لێکرا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە قەتەر یەکەمین ئۆتۆمبێلی دروستکراوی تورکیا "Togg"ی وەک دیاری پێشکەش بە میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی کرد.

لەلایەکی دیکە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوانیا، تورکیا و قەتەر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بەبۆنەی 50 ساڵەی دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بڵاوکردووەتەوە، بەیاننامە ھاوبەشەکە کە لەلایەن وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان و ھاوتا قەتەرییەکەی، محەمەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئالسانی واژوو کراوە، تێیدا هاتووە، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و قەتەر لە ساڵی 1973ەوە تا گەیشتووەتە قۆناغی ھاوبەشی ستراتیژی، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ھاوکاریی ھەنووکەیی نێوان ھەردوو وڵات رۆژ لە دوای رۆژ بەردەوام دەبێت لە بەھێزتربوون.

رۆژی دووشەممە 17/7/2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو کە هەریەک لە سعوودیە، قەتەر و ئیمارات دەگرێتەوە، گەیشتە شاری جەدەی سعوودیە‌.