رووسیا مۆڵەتی 90 رۆژ دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی وڵاتەکەی

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان 90 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی رووسیا.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە بڕگەی شەشەمی ئەو یاداشتەی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئیستانبۆڵدا واژۆ کراوە لە نێوان رووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، هەر لایەنێک دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا لایەنی بەرامبەر ئاگادار بکاتەوە لە ئەگەری راگرتنی یاداشتەکە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەمینداریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا 90 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ تەواوکردنی کارەکانی جێبەجێکردنی یەکێک لە مەرجەکانی گرێبەستەکە کە بریتییە لە یەکخستنەوەی هەیکەلی بانکی کشتوکاڵی رووسیا "بانکی رووس سیلخۆز" بە "سویفت"ی نێودەوڵەتی و سیستەمی گواستنەوەی دارایی".

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ بەدیلێکی راستەوخۆ نییە بۆ یەکخستنەوەی "بانکی رووس سیلخۆز" لە سیستەمی "سویفت"دا، هەروەها پێشنیارەکانی بەدیل بۆ دانانی میکانیزم بۆ خەرجکردنی رێوشوێنی هەناردەکردنی کشتوکاڵی رووسیا ناڕاستەقینەن.

پێشتر رووسیا وەستاندنی بەشداریکردنی لە رێککەوتنی دانەوێڵەدا راگەیاند، دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو لە 17ی تەمموز، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی هەناردەکردنی کشتوکاڵی رووسیا.

دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کرێملین رۆژی دووشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە رێککەوتنەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی دانەوێڵە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتاییان هاتووە و راگیراون.

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە هەرکاتێک بەشە ڕووسییەکەی رێککەوتنەکە جێبەجێکرا، دەستبەجێ رووسیا دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی لەسەر ئەم رێککەوتنە.

لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رووسیا، تورکیا و ئۆکرانیا و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە دژایەتیکردنی بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە.