سەفین دزەیی: کار بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ژمارەیەک وڵات دەکەین

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کار لەسەر کردنەوەی نوێنەرایەتی گشتیی هەرێم لە ژمارەیەک وڵات دەکەن و ئاماژە بەوەش دەدات، بەم زووانە کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەستبەکاردەبێت.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (18ـی تەممووزی 2023)، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان 14 نوێنەرایەتی لە وڵاتی جیاجیای جیهان هەیە و دەڵێت، "نیازمان وایە ئەگەر برەخسێت و بگونجێت، لە چەند وڵاتێکی دیکەش نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەینەوە، بەتایبەت لە چەند وڵاتێکی عەرەبی".

دوێنێ سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە باکۆ و لەگەڵ ئیلهام عه‌لیێف، سه‌رۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە. لەوبارەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا "جه‌خت له‌ گرنگيى كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌يه‌كى گشتيى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرايه‌وه،‌ كه‌ پێشتر بڕيارى لێدراوه‌ و باسى رێكاره‌كان كرا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوويه‌كى نزيكدا بكرێته‌وه و كار بكات بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا‌."

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت: "بڕیارە ئازەبایجان کونسوڵخانەی گشتیی خۆی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و هێڵی ئاسمانی ئازەربایجانیش بۆ هەرێمی کورستان بێت".

کردنەوەی ژمارەیەک کونسوڵخانەی نوێ لە هەرێمی کورستان و بوونی دەیان کونسوڵخانەی دیکە، وەکو ئەوەی سەفین دزەیی ئاماژەی پێ دەدات، "ئاماژەیەکی باشن کە هەرێمی کوردستان پێگە و جێگەیەکی تایبەتی هەیە و ئەو نوێنەرانەش سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکانیان پیادە دەکەن لە رووی پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان".

دوای سەردانەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 15ـی شوباتی 2022 بۆ قەتەر؛ رۆژی سێشەممە 04ـی ئۆکتۆبەری 2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوای کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەری لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد. سەفین دزەیی لەوبارەوە دەڵێت: "قەتەریش رایگەیاندووە بەمزووانە کونسوڵیان لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبێت".

بەگوتەی سەفین دزەیی، وەکو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەسەرووبەندی گۆڕینی پێکهاتەی فەرمانگەکەن و کار لەسەر فراوانکردنی دەکەن "بۆ ئەوەی هەم لە ناوەوەی هەرێم و هەم لە دەرەوەش ببێتە ناوەندێکی بەهێزی دروستکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان".

40 وڵاتی جیهان کونسوڵخانەی گشتی، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەو ژمارەیە 38 وڵات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. جێگەی باسە تەنها کۆماری ئێسلامی ئێران کونسوڵخانەی لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی هەیە. ساڵی 2007 و بۆ جاری یەکەم هەر یەکە لە رووسیا و ئێران کونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.