کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز دەکات

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاز دەکات رۆژی 18ـی شوباتی ساڵی 2024 یان رۆژێکی دوای ئەو رێککەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت  و جەخت لەوە دەکاتەوە، ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەیەک کاتدا بەڕێوەببەن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە و ئاماژەی بەوە داوە، "پێشنیاز دەکەین  هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 18ـی شوباتی 2024 یان رۆژێکی دوای ئەو رێککەوتە ئەنجامبدرێت" و ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوەببەن، چونکە هەردوو هەڵبژاردنەکە "تایبەتمەندی خۆیان هەیە و زێدەباری هەندێک هۆکاری دیکە کە پەیوەندییان بە لایەنی هونەری و کارگێرییەوە هەیە ".

نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023 ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە و واژووی عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی لەسەرە. کۆمیسیۆن لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هۆکاری بڕیارەکەی "بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنێکی باشی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو روویەکەوە و بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە هاوتابێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان و گەرەنتیی سەلامەتی، شەفافییەتی و کواڵێتییەکەی بدات" گەڕاندووەتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پێویستی دەزانێت پێش ئەوەی خشتەی دەستپێکردنی کارەکانیان لە رۆژی 1ـی ئابی 2023 دەستپێبکات، سەرۆکایەتی هەرێـمی کوردستان مەرسومێکی هەرێمایەتی لەبارەی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات، چونکە وەکو ئەوەی لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێ داروە، "چەند دەرکردنی مەرسوومەکە درەنگ بکەوێت" کاتی زیاتر دەچێتە سەر ئەو وادەیەی کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازیکردووە و هەڵبژاردنەکە دواتر دەکەوێت.

 

نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

 

رۆژی دووشەممە 10ـی تەممووزی 2023، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا داواى لە  كۆميسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق کرد، ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023 يان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ رۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2023.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.