لە سنووری پەڵکانە و سەرگەڕان عەرەبی هاوردە 7 ماڵی کورد داگیر دەکەن

K24 – کەرکووک:

لەسنووری پەڵکانە و سەرگەڕان عەرەبی هاوردە چوونەتە نێو حەوت ماڵی کورد و داگیریان کردووە، سوپای عێراقیش لەکاتێکدا پاسەوانی عەرەبی هاوردەکان دەکات، رێگری لە کوردان دەکات و ناهێڵێت لەسەر زەوییەکانی خۆیان کاری کشتوکاڵی بکەن، كوردانی ناوچەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، لای ئەوان و لە سنووری كەركووك رۆژانە چیرۆکی تەعریبكردن دووبارە دەبێتەوە، بەلام سەرباری هەوڵەکان و بەکارهێنانی هێز لەدژی کوردی ئەو سنوورە ، خەڵکەکە دەستبەرداری خاکی خۆی نابێت.

مام ئەحمەد، جووتیار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەم بارودۆخەوە کارەکانیان وەستاوە، هاوکات دەڵێت: "مەحاڵە دەستبەرداری خاک ببین، بۆخۆیان خەونی پێوەببینن شەش ساڵمان بەهۆی ئەو دۆخەوە تێپەڕاند، سەش ساڵیدیش بخایەنێت کیشە نییە با هێزە سەربازییەکانیان هەر لێرەبن".

لەلایکی دیکەوە، مام بەدرەدین، جووتیار، بۆ کوردستان24، گوتی: "خاوەن رەگەزنامەی وڵاتی هۆڵنەدام، ئەم وڵاتەم جێهێشت و هاتوومەتەوە ئێرە و پەشیمان نیم، هەروەها ساڵێکیان بە دار ماسیحە تۆی گەنمەشامییەکانمان چاند نەیانهێشت ئامێر بەکاربهێنین، ئێمە توانیمان بەردوام بین و زەوییەکانیشمان دوورییەوە و لێیان نەترساین".

لەسنوری کەندێناوە 42 گوندی کوردنشین هەیە کە کێشەی زەوی وزاری لەسەرە، کێشەکان بەردەوامن و عەرەبی هاوردە بەنووسراو پاڵپشتی پارێزگاری بەزۆردانراوی کەرکووک دێنەوە سەر زەوی کوردان. لەدوای 16ـی ئۆکتوبەری 2017 کەم رۆژ هەبووە تێپەڕێت لەپەڵکانەو ئەم سنوورە ، کە عەرەبی هاوردە نەینە سەر گوندنشینە کوردەکان ، کوردەکان دەڵێن، داهاتوومان نادیارەو بێ پشت و پەناین، ئەگەر ئەم تەعریبە بەردەوام بێت، دوور نیە عەرەب لێرە ببێتە خاوەن ماڵ و زۆرینەی دانیشتوانی ئێرە.