دادگای ئەڵمانیا تۆمەتی بەشداربوون لە کوشتنی کچێکی ئێزدی ئاراستەی ژنێکی ئەڵمانی دەکات

وێنەی ژنە تۆمەتبارەکە و پارێزەرەکەی - وێنە: AP
وێنەی ژنە تۆمەتبارەکە و پارێزەرەکەی - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێکی ئێزدی لە حەوشەی ماڵەکەیان لەو کاتەی ئەندامی گرووپی چەکداری داعش بوون لە عێراق، دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا تۆمەتی بەشداربوون لە کوشتن، ئاراستەی ژنێکی ئەڵمانی کرد کە پێشتر بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درابوو، ئەمڕۆ جارێکی دیکە پرۆسەی دادگاییکردنی لە دادگای میونشن دەستیپێکردەوە.

دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری رابردوو، دادگای فیدراڵی ئەڵمانی فەرمانی بە دادگای میونشن کرد، دۆسیەی دادگاییکردنی ژنێکی ئەڵمانی کە بەناوی جێنیفەر دەبڵیو ناسێندراوە و تەمەنی 32 ساڵە، جارێکی دیکە بکاتەوە کە لە (25ـی ئۆکتۆبەری 2021) بە 10 زیندانیکردن سزادراوە و دادگای فیدراڵی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەکردووە، تاوانەکانی ئەو ژنە ئەڵمانییە بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە سزای زیاتر دەیگرێتەوە.

بەگوێرەی فەرمانەکەی دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا، ئەو ژنە ئەڵمانییە تۆمەتبارە بە گیانلەدەستدانی کچە منداڵێکی ئێزدی پێنج ساڵان، دوای ئەوەی هاوژینەکەی کە ئەندامی داعش بووە، لە حەوشی ماڵەکەیان بە زنجیر بەستوویەتییەوە و لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام هیچ رێگرییەکی لێنەکردووە.

هەروەها دادگای فیدراڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بۆیان دەرکەوتووە دادوەرەکان هەڵەیان کردووە لە بڕیارەکەیان لە مانگی ئاداری رابردوو لەبارەی سزادانی ئەو ژنە ئەڵمانییە بەهۆی "دۆسیەیەکی کەمتر توند"ی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، چاوپۆشییان لە بارودۆخە قورسەکان کردووە. کە بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا ئەو تۆمەتانەی لەسەر ئەو ژنە ئەڵمانییەیە، رەنگە بگاتە سزای زیندانی هەتاهەتایی.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA)ـی بڵاویکردووەتەوە، پارێزەری ژنە ئەڵمانییەکە لە دادگای میونشن نامایەکی بریکاردارەکەی خوێندووەتەوە و ئاماژەی بە پەشیمانی لەوەی رووداوە دەرىڕیوە و دانیبەوەش دانەوە کە ئەویش بەرپرسیار بووە لە گیانلەدەستدانی ئەو کچە ئێزدییە، باسی لەوەشکردووە، کە سزای شایستەی خۆی وەرگرتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕازیبوون بە دووبارە دادگاییکردنەوەی.

رۆژی چوارشەممە (19ـی تەمموزی 2023)، پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو ژنە ئەڵمانییە لە میونشن دەستیپێکردەوە کە وابڕیارە هەشت دانیشتنی دادگا بۆ ئەنجام بدرێت و لە کۆتایی مانگی ئابدا بڕیاری نوێی سزادانی بۆ دەربچێت.

جێنیفەر دەبڵیو لە ساڵی 2016، دوای ئەوەی بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی سەردانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیای کرد لە ئەنقەرە دەستگیرکرا و رەوانەی ئەڵمانیا کرایەوە و هاوژینەکەشی کە هاووڵاتییەکی عێراقییە، بەناوی تەها ج. لە ئۆکتۆبەری 2021 لەلایەن دادگای فڕانکفۆرتەوە بە تاوانی جەنگ و زیانگەیاندنی جەستەیی کە بووەتە هۆی مردن، سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرکردووە.