ماکرۆن بەنیازە ژمارەیەک وەزیری حکومەتی فەرەنسا بگۆڕێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا | سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023 | وێنە: Francois Walschaerts / AP
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا | سێشەممە 18ـی تەممووزی 2023 | وێنە: Francois Walschaerts / AP

K24 - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بەنیازە ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە هەیکەلی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیدا بکات و سەرچاوەکانی کۆشکی سەرۆکایەتیش "ئیلیزێ" دەڵێن، لەوانەیە گۆڕانکاریی لە پێنج تا شەش وەزارەت بکرێت.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، ژمارەیەک سەرچاوەی نزیک لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا "ئیلیزێ" بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی "ئەی ئێف پی"ـیان راگەیاند، وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە هەیکەلی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی بکات و ژمارەیەک وەزیر بگۆڕێت.

ئەم گۆڕانکارییانە وەکو ئەوەی سەرچاوەکانی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ئاماژەیان پێ داوە، لە ژێر ئەو فشارانە دێن کە بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەوە ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک دەکرێن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن سەرۆکەوە رادەگەیەندرێت.

ماوەیەک بوو لە نێوخۆیی فەرەنسادا داوای لەکارلادانی ئیلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەکرا، بەڵام رۆژی دووشەممەی رابردوو (17ـی تەممووزی 2023) ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک بەردەوامبوونی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەی لە پۆستەکەیدا راگەیاند. هاوکات  ئیلیزابێس بورن لەوبارەوە روونیکردەوە، هەندێک گۆڕانکاریی لە ریزەکانی کابینەکەیدا دەکات و ژمارەیەک وەزیر دەگۆڕێت.

رۆژی شەممە 14-5-2022، ئیمانوێل ماکرۆن دوای بەدەسهێنانی 58.54%ـی دەنگەکان، بە شێوەیەکی فەرمیی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا دەستبەکاربوو و رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکەی لەبارەی بازرگانیکردن و سیاسەتی ئەوروپا و باج کەمدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، چاکسازی لە بوارەکانی ژیانی خەڵکیدا دەکات و گرنگی بە ژینگە دەدات.

بڕیارەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ مانەوەی سەرۆکوەیزان لە پۆستەکەیدا دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری بووە لەگەڵ ئیلیزابێس بۆرن، لە کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا (ئیلیزێ) کە رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجامدرا. هاوکات هەر لەو کۆبوونەوەدا باسیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یارییە ئۆلۆمپییەکانیان کرد، کە بڕیارە لە ساڵی 2024 پاریس میواندارییان بکات.

هەر لەو کۆبوونەوەدا وەکو ئەوەی سەرچاوەکانی ناوەوەی کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا روونیانکردووەتەوە، "ماکرۆن خۆی بەنیاز نەبووە گۆڕانکاریی زۆر گەورە لە هەیکەلی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیدا بکات، بەڵام ئیلیزابێس بۆرنی سەرۆکوەزیران بەردەوام فشاری لە سەرۆکی ئەو وڵاتە کردووە ئەو کارە ئەنجام بدات".

سیستمی ئێستای بەڕێوەبردنی فەرەنسا لە ساڵی 1958 چەسپێندراوە. سیستەمەکە سەرۆککۆماری خستووەتە چەقی دەسەڵاتی جێبەجێکارییەوە. سەرۆکوەزیرانیش سەرۆکایەتیی حکومەت دەکات و لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، ئەنجوومەنەکە دەتوانێت متمانە لە حکومەت بسەنێتەوە.

لەبارەی ژمارەی ئەو وەزیرانەی کابینەی بەڵام ئیلیزابێس بورنی سەرۆکوەزیران، کە بڕیارە بگۆڕدرێن، سەرچاوەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی فەرەنسا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسییان راگەیاندووە، "گۆڕانکارییەکان لەوانەیە پێنج تا شەش" وەزارەتی کابینەکەی  ئیلیزابێس بگرێتەوە و گفتوگۆکان لە نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیران سەبارەت بەو بابەتە بەردەوامن.

رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023، لە ناوچەی نانتیری باکووری رۆژئاوای پاریس، پۆلیسێک تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە سێ کەسی تێدابوو و لە ئاکامدا نائیل مەرزوق، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە تەمەن 17 ساڵ بوو و بەڕەچەڵەک خەڵکی جەزائیر بوو، گیانی لەدەست دا.

دوای گیانلەدەستدانی نائیل مەرزوق و وەک کاردانەوەیەک لەبه‌رامبه‌ر کوژرانی ئەو گەنجە، لە پاریسی پایتەخت و چەند شارێکی جیاوازی فەرەنسا خۆپیشاندان دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، تا ئێستا لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزییەکان، زیاتر لە 72 هاووڵاتیی گیانیان لەدەستداوە،  سێ ملیۆن و هەشت هەزار ئۆتۆمبێل سووتاون؛ هەزار و 105 باڵەخانە سووتاو و تێکدراون؛ 209 وێستگەی پۆلیسی نیشتمانی، جەندەرمە و پۆلیسی شارەوانی هێرشیان کراوەتەوە سەر و تێکدراون و هاوکات زیاتر لە 60 قوتابخانەش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

لەگەڵ ئەوەی دوای رووداوەکە، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بڕیاری دا بە دوورخستنەوە و دادگاییكردنی ئەو پۆلیسەی گەنجە جەزائیرییەکەی کوشت، بەڵام دۆخەکە هێورنەبووەتەوە و خۆپیشاندانەکان بەردەوامییان هەیە. هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە بەشێکی زۆری شارەکانی فەرەنسا لە کاتژمێر 21:00ـی شەوەوە تا بەیانی قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەندرێت.