عێراق و ئێران 26 روفاتی سەربازانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوانیان ئاڵوگۆڕ کرد

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عێراق و ئێران، 26 روفاتی ئەو سەربازانەیان ئاڵوگۆڕ کرد، کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەشەڕی عێراق و ئێراندا کوژراون.

کەریم حافز، نوێنەری لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، عێراق و ئێران روفاتی ئەو 26 سەربازەیان ئاڵوگۆڕ کردووە کە لە ماوەی جەنگی نێوانیاندا کوژراون، کە لە ساڵی 1980 دەستیپێکرد و تا ساڵی 1988 بەردەوام بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی سەربازە عێراقییەکان کە تەرمەکانیان رادەستکرایەوە گەیشتووەتە هەشت سەرباز، لە کاتێکدا روفاتی سەربازە ئێرانییەکان 18 سەرباز بوون".

هەروەها ئاڵوگۆڕی روفاتەکان لە خاڵی سنووری شەلەمچەی نێوان هەردوو وڵات لە نزیک پارێزگای بەسرە ئەنجامدراوە.

شەڕی عێراق و ئێران درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم بوو و یەکێک بوو لە خوێناویترین و گرانترین شەڕەکان لە رووی ئابووری و مرۆییەوە.

شەڕەکە لە 22 ئەیلوولی 1980 دەستی پێکرد کاتێک هێزەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای ئێران بە درێژایی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە رژێمی پێشووی عێراق رایگەیاندبوو،  لە 4 ی مانگی 9 شەڕەکە دەستیپێکردووە، کاتێک ئێران ژمارەیەک خاڵی سنووری عێراقی بۆردومان کردووە.

جەنگەکە لە ساڵی 1988 بە ئاگربەست کۆتایی هات، هەرچەندە هێزەکان کشانەوە و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی پێش جەنگ، بەڵام هەتا 16 ئابی 1990 لایەنەکان رێککەوتنێکی فەرمییان واژۆ نەکرد.

نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس لە جەنگی ئێران و عێراقدا کوژران، 340 هەزار سەربازی عێراقی و نزیکەی 730 هەزار سەربازی ئێرانیش کوژران. هەروەها زیانە ماددیەکانیش بە چوار سەد ملیار دۆلاری ئەمەریکی دەخەملێنرێت.