بەهۆی سزایەکی ئەمەریکا بەهای دۆلار زیاتر بەرزبووەوە

K24 - هەولێر
سزادانی 14 بانکی عێراقی لە لایەن ئەمەریکاوە بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلاری دابەزاند. بە شێوەیەک ئێستا 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 150 هەزار دیناری عێراقییە. بەشێکی بانکەکانیش رایدەگەیەنن "سزاکە بە فەرمی پێیمان نەگەیشتووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023، حاجی سابیر باوەجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، کاریگەرییە نەرێنییەکەی بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی 14 بانکی عێراق لە مامەڵەکردن بە دۆلار، بە تۆمەتی ناردنی دۆلار بۆ ئێران، بەردەوامە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، "کاریگەرییەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە."
حاجی سابیر دەڵێت، "ئێستا 100 دۆلار بە 150 هەزار دینارە و پێشبینی دەکەین بگاتە 151 هەزار دینار، بەڵام پێمانوایە ئەم کاریگەرییەی بڕیارەکەی ئەمەریکا لەسەر بازاڕی دراو، کاتی بێت".
ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە بەهای 100 دۆلار لە سەرووی 148 هەزار دیناری عێراقییەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ ئەمڕۆش 149 هەزاری تێپەڕاند و لە دوای بڕیارەکەی ئەمەریکاوە 100 دینار لەسەر نرخی دۆلار زیادیکردووە.
ئەمەریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقدا قەدەغەکرد و بەوە تۆمەتباری کردوون کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
ناوی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون:
1- بانکی ئەلموستەشاری ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قڕتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پاردارکردن
3- بانکی تەیفی ئیسلامی
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی ئەربیل بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی ئیسلامی نێودەوڵەتی
7- بانکی عەبر عێراق
8- بانکی موسڵ بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی ئیسلامی
10- بانکی سومەری بازرگانی
11- بانکی سیقەی نێودەوڵەتی ئیسلامی
12- بانکی ئەوری ئیسلامی
13- بانکی جیهانی ئەلعالەمی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زین عێراق ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
هەر یەک لە بانکەکانی تەیف و دەولی ئیسلامی بەجیا رەتیانکردووەتە، بڕیارەکەیان بەفەرمی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێیان گەیشتبێت و ئاماژە بەوە دەکەن، بەردەوامن لەسەر مامەڵەکانیان و پێشوازیکردن لە مامەڵەکاران بە شێوەیەکی ئاسایی وەک پێشتر.
سزادانی ئەو بانکانە دوای ئەوە دێت، بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمەریکی راگەیاندووە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمەریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژەوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە."
رۆژی 06-11-2022، بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلاری بە چوار بانک راگرت بە پاساوی" وردبینی"، بانکەکانیش بریتی بوون لە" بانکی ئەنساریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی قابزی ئیسلامی بۆ پارەدارکردن و وەبەرهێنان، بانکی ئاسیای عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن، بانکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەبەرهێنان."