وەزیری دەرەوەی سوید: دەسەڵاتدارانی عێراق شکستیان هێناوە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان

توبیاس بلسترم
توبیاس بلسترم

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی عێراق شکستیان هێناوە لە پاراستنی نێردەی دیپلۆماسییەکان، خزمەتگوزارییەکانیان تاکاتێکی نادیار راگرتووە.

بەگوێرەی کەناڵی جەزیرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، توبیاس بلسترم، وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاندووە، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا قبوڵکراو نیە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی عێراق شکستیان هێناوە لە پاراستنی نێردەی دیپلۆماسییەکان.

بلسترم گوتیشی: خزمەتگوزارییەکانیان لە دوای خۆپیشاندانەکانەوە راگرتووە تا کاتێکی نادیار.

ئەمڕۆ بەیانی پێنجشەممە، سەدان خۆپیشاندەر هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە ناوەڕاستی بەغدا و ئاگریان تێبەردا، ئەمەش وەکو کاردانەوەیەک بوو لە دژی سوتاندنی کۆپیەکی قورئان لە سوید.

ئاژانسی هەواڵی تی تی، سویدی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند پۆلیسی سوید داوایەکی پەسەند کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گشتی لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە داواکارەکە هەوڵی سوتاندنی قورئان و ئاڵای عێراق دەدات.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی سوید لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا دەستدرێژییە و عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کارمەندەکانمان".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بە توندی سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سویدی لە بەغدا کرد و بە دەستدرێژی بۆسەر کاری دیپلۆماسی وەسفکرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و بکەرانی کارەکە دەستگیربکەن.