سبەی قاسم لە یاریی بەرامبەر هەولێر ئامادە نابێت

یاریزانانی یانەی قاسم
یاریزانانی یانەی قاسم

یانەی قاسم ئەستەمە لە یاریی سبەی بەرامبەر هەولێر لە دوایین گەڕی خولی نایابی عێراق ئامادە بێت و تا ئێستا بۆ ئەنجامدانی یارییەکە گەشتییان نەکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تا ئێستا یانەی قاسم بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر هەولێر گەشتی نەکردووە و یانەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێت بۆ ئەو یارییە گەشتی هەولێر بکات، کە وابڕیارە سبەی هەینی لە گەڕی سی و هەشتەمی خولی نایابی عێراق لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری ببێتە میوانی هەولێر.

عەممار شاکر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی قاسم لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 رایگەیاند 'تاوەکو ئێستا ئەستەمە بتوانین بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکەمانەوە گەشتی هەولێر بکەین بۆ ئەوەی یارییەکەمان لە دوایین گەڕی خولی نایابی عێراق ئەنجام بدەین، ئەگەر هاوکاری دارایی نەکرێین و دۆخەکە بەمشێوەیە بێت، ناتوانین ئەو یارییە ئەنجام بدەین'.

قاسم بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ لە پلەی شازدەمی خولی نایابی عێراق دێت و هەولێریش بە کۆکردنەوەی 55 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت، کە وابڕیارە سبەی هەینی کاتژمێر 09:30ـی شەو لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری بەیەک بگەن. لە یاریی چوون لە قۆناخی یەکەم هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.