پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژانی هاووڵاتییەکەی بەحرکەی راگەیاند

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیرکردنی بکوژانی هاووڵاتییەکەی ناحیەی بەحرکەی لەلایەن هێزەکانیانەوە راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، بکوژانی هاووڵاتییەکەی ناحیەی بەحرکە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، بکوژانی گەنجەکەی بەحرکە بە فەرمانی دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.

رۆژی سێشەممە هاووڵاتییەک لە ناحیەی بەحرکە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند کەسێکەوە خۆی و خێزانەکەی دەبەستنەوە، دواتر بەچەقۆ لە گەنجەکە دەدەن و بەسەختی بریندار دەبێت، لەپاشان گەنجەکە دەبرێتە نەخۆشخانە لەوێ بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیان لەدەستدەدات.