موقتەدا سەدر: داوا لە سعوودییە و ئێران دەکەم لەسەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز هەڵوێستیان هەبێت

موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

K24 – هەولێر:

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە میانەی پەیامێکدا، داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات یاسایەک بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز دابڕێژن و بە کردەوەیەکی تیرۆرستی هەژماری بکەن، هاوکات گوتیشی: داوا لە سعوودییە و ئێران دەکەم لەسەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز هەڵوێستیان هەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە،" داوای هەڵوێستێکی جددی لە گەلانی ئیسلامی دەکەم بۆ سەرخستنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، هەروەها پێویستە سووتانی قورئانی پیرۆز بە تاوان هەژمار بکرێت".

ئامژەی بەوەشکرد، داوا لە سعوودییە و ئێران دەکەم لەسەر سووتاندنی قورئانی پیرۆز هەڵوێستیان هەبێت.

رێبەری رەوتی سەدر جەختی لەوەشکردەوە، گەلی عێراق لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانە.

سەدر گووتیشی: داوا لە کۆمکاری عەرەبی دەکەم بۆ پشتگیری  ئیسلام لە عێراق یان دەرەوەی عێراق کۆببنەوە.

موقتەدا سەدر باسی لەوەشکرد، سووتانی قورئانی پیرۆز لەلایەن کەسێکی مەسیحی واتای ئەوە نییە ئەو کەسە نوێنەری مەسیحییەکان دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە حکومەتی سوید جارێکی دیکە رێگەی بە دوو هاووڵاتی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە دا، له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ستۆكهۆڵم، "خۆپیشاندانێكی بچووك ئه‌نجام بده‌ن و تێیدا كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن."

لەلایەکی دیکەوە میدیاكانی سوید رایانگەیاندووە، (سه‌لوان مۆمیكا) هه‌مان ئەو کەسەی کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ستۆكهۆڵم سووتاند، دووبارە ئەو کارە ئەنجام بداتەوە.