تەرمی سینەماکار میهران ئەنوەر لە هۆتێلێکی هەولێر دۆزرایەوە

وێنەی میهران ئەنوەر
وێنەی میهران ئەنوەر

K24 – هەولێر:

تەرمی هونەرمەند و سیناریستی بواری سینەما میهران ئەنوەر لە هۆتێلێکی شاری هەولێردا دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوش لە رووداوەکە بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانی.

کوردستان24 بۆ بەدواداچوون و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هونەرمەندە پەیوەندی کرد بە شوان مەسیفی هاوڕێ و کەسی نزیک لە خانەوادەکەی و رایگەیاند: میهران ماوەیەکە بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە تووشی چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی بووەتەوە و بەو هۆیەوەش دوێنێ ماڵەکەی جێهێشتووە و چووەتە هۆتێلێکی شاری هەولێر و ئەمڕۆش لە رووداوێکی نادیار گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەشی شوێنەواری گوللـەیەکی پێوە دیار بووە.

هەروەها مەسیفی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا روون نییە ئایا کوژراوە یاخود کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرن بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.

لەبارەی راپۆرتی پزیشکییەوە، ئەو کەسە نزیکەی میهران ئەنوەر باسی لەوەکرد، "لە راپۆرتی پزیشکییدا هیچ شتێک نەخراوەتە روو، کە خۆی هەوڵی کوشتنی داوە یان لەلایەن کەسانێکەوە، کە گومان دەکرێت دەستی لە کوشتنی ئەم هونەرمەندە هەبێت، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین بۆ وەرگرتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس تا بگەین بە ئەنجامی کۆتایی".

میهران ئەنوەر جگە لە نووسین لە بواری شیعردا، نووسەری چەندین کورتە فیلم و کاری هونەری بووە و بەشداری لە چەندین کاری هونەریدا وەک ئەکتەر کردووە، بە گوتەی کەسە نزیکەکانیشی کاری لەسەر ئامادەکردنی چەند پرۆژەیەکی هونەری کردووە.