لایەنە عێراقییەکان پشتیوانی لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سوید دەکەن

ئاڵای عێراق و سوید
ئاڵای عێراق و سوید

K24 – هەولێر:

لایەنە عێراقییەکان پشتگیری لە بڕیارەکەی کابینەکەی سوودانی دەکەن بۆ پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتی سوید و دەرکردنی باڵیۆزی سوید لە بەغدا دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، حکومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا کرد، خاکی عێراق جێبهێڵێت و داوای لە هەڵسوڵێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراقیشی کرد لە ستۆکهۆڵم بگەڕێتەوە بەغدا.

دوای ئەو بڕیارەش، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی بۆ ئەو هەنگاوەی حکومەتی عێراق دەربڕی و لە گوتەیەکدا، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا رایگەیاند، "توڕەیی و رەتکردنەوەی تەواوی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر پاراستن و مۆڵەتدانی حکومەتی سوید بە پرۆسەی سوکایەتیپێکردنی ئاشکرا بە پیرۆزییەکان موسوڵمانان و بێڕێزیکردن بە پیرۆزی قورئانی پیرۆز".

حەلبووسی پشتیوانی خۆشی بۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ سوید دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانی لەو رێکارانەش دەکەن بەرامبەر هەر وڵاتێک بگیرێتەبەر کە رێز لە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان نەگرێت.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی بە هەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەربڕی و داوای لە هاووڵاتییانیش کرد رۆژی هەینی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

لە راگەیەندراوێکدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بە توندی ئیدانەی رێگەپێدانی حکومەتی سوید دەکات بۆ سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە و داوا لە وڵاتانی ئیسلامی و رێکخراوی هەوکاری ئیسلامیش دەکات هەڵوێستی جددی بەرامبەر سوید بنوێنن.

لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی سیادە وێڕای ئیدانەکردنی دووبارەبوونەوەی رێگەپێدانی دەسەڵاتدارانی سوید بە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان، پشتیوانی خۆی بۆ هەموو رێکارەکانی حکومەتی عێراق دووپاتکردووەتەوە لە نێویشیاندا، پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ستۆکهۆڵم.

هاوپەیمانی سیادە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەخۆگرتن و پاراستنی کەسانی لادەر و هاندەران بۆ دروستکردنی دووبەرەکی، خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان گەلان ناکات و پێچەوانەی رێزگرتنە بەڵگەنامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.

هەروەها هەر یەکە لە حزبی تەقەدوم، نوری مالیکی، عەمار حەکیم، قەیس خەزعەلی و هادی عامری لە راگەیەندراوی جیاوازدا پشتیوانی خۆیان بۆ رێکارەکانی حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتی سوید.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە حکومەتی سوید جارێکی دیکە رێگەی بە دوو هاووڵاتی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە دا، له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ستۆكهۆڵم، "خۆپیشاندانێكی بچووك ئه‌نجام بده‌ن و تێیدا كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن."

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، سه‌لوان مۆمیكا، هه‌مان ئەو کەسەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمڕۆ له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ستۆكهۆڵم بێڕێزی بە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کرد بەڵام وەک ئەوەی پێشتر بانگەشەی بۆ کردبوو، کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی نەسووتاند.

هاوکات ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی عێراقی لە سوید دژی ئەو هەڵوێستە کۆبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی بێڕێزیکردن بە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق، بەڵام پۆلیسی سوید رێگریکرد لە دروستبوونی رووبەڕبوونەوەیان لەگەڵ مۆمیکا.

دوای ئەوەش هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە (20ـی تەممووزی 2023)، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە بەرپرسی کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بکشێنێتەوە و  داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا کردووە، خاکی عێراق جێبهێڵێت وەک وەڵامێک بۆ دووبارە مۆڵەتدانی حکومەتی سوید بە سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و زیانگەیاندن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق.