حکومەتی عێراق مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی هەڵپەسارد
K24 – هەولێر:
حکومەتی عێراق مۆڵەتی کاکردنی کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی لە عێراق هەڵپەسارد، وەک ناڕەزایەتی دژی رێگرینەکردن لە بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان و ئاڵای عێراق.
رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئەریکسۆنی سویدی کە کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆژیا و پەیوەندیکردنە لە عێراق کاردەکات.
لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بڕیارە دوای رێگەپێدانی حکومەتی سویدی دێت بۆ سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.
ئەم هەنگاوەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دوای ئەوەهات کە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە بەرپرسی کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بکشێنێتەوە و داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا کردووە، خاکی عێراق جێبهێڵێت وەک وەڵامێک بۆ دووبارە مۆڵەتدانی حکومەتی سوید بە سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و زیانگەیاندن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دەیان لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە حکومەتی سوید جارێکی دیکە رێگەی بە دوو هاووڵاتی عێراقی دانیشتووی ئەو وڵاتە دا، لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم، "خۆپیشاندانێكی بچووك ئهنجام بدهن و تێیدا كۆپییهكی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن."
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، سهلوان مۆمیكا، ههمان ئەو کەسەی کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا كۆپییهكی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمڕۆ لهبهردهم باڵیۆزخانهی عێراق له ستۆكهۆڵم بێڕێزی بە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر کرد بەڵام وەک ئەوەی پێشتر بانگەشەی بۆ کردبوو، کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی نەسووتاند.